پیكی: هیچ ناكۆكیەك لەنێوان من و گواردیۆلادا نییە

پیكی: هیچ ناكۆكیەك لەنێوان من و گواردیۆلادا نییە
یاریزانی هێڵی بەرگری یانەی بەرشلۆنە جیرارد پیكی سەرجەم ئەو هەواڵانەی ڕەتكردەوە كە گوایە ناكۆكی و كێشە لەنێوان ئەو و ڕاهێنەر پیب گواردیۆلا هەبێت، پیكی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی گوتی: ڕاهێنەر گواردیۆلا هەلێكی پێدام بۆ ئەزموونێكی تازە و جوان لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە كە گەورەترین تیپە لەمێژوودا، بۆیە پێویستە من سوپاسی بكەم تا كۆتایی ژیانم و بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆی لەگەڵ ناكەم لەبڕیارەكانی، سەبارەت بەیارییەكەی بایەر لیڤەركوزن ڕاهێنەر بڕیار دەدات و ئێمەش پێویستە ڕێزی لێبگرین.
سەبارەت بەتازەكردنەوەی بۆندی گواردیۆلا و پێوەندی نێوانیان، پیكی گوتی: دەمەوێ بۆتانی دووپات بكەمەوە كە پێوەندی نێوانمان زۆر بەهێزە و هەردەم لەگەڵ یەك قسە دەكەین و بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەكەین، دڵنیاتان دەكەمەوە كە هیچ كێشەیەك لەنێوانمان نییە، ئێمە زۆر خۆشحاڵین لەگەڵ گواردیۆلا، چونكە ئەو فاكتەرێكی سەرەكییە لەژووری خۆگۆڕین و لەوەرزی یەكەمەوە زۆر شتی تازەی فێركردووین، بۆیە ئێمە حەز دەگەین بەردەوام بێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆخۆی دەگەڕێتەوە.
پیكی ئەوەشی ڕەتكردەوە كە ژیانی تایبەتی كاریگەری هەبێت لەسەر ئاستی یاریكردنی لەگەڵ بەرشلۆنە، لەمباریەوە گوتی: من هەوڵ دەدەم باشترین ئاست پێشكەش بكەم، من لەوەرزی یەكەم هەموو توانای خۆم پێشكەشكرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكان، وابزانم ئاستم كاریگەری نابێت بەژیانی تایبەتی خۆمەوە، ئەوەی لەلای من گرنگە هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكان و دەسكەوتەكان لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە.
Top