گواردیۆلا: ئاستی ئەمساڵمان لە پار خراپتر نییە

گواردیۆلا: ئاستی ئەمساڵمان لە پار خراپتر نییە
پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لەبارەی دووركەوتنەوەی یانەكەی بە 10 خاڵ لە یانەی ریال مەدریدی پێشەنگی خولی ئیسپانی گوتی ئەمساڵ لە پار خراپتر نییە و توانیمان نازناوی خولەكە ببەینەوە.
گواردیۆلا رەتی كردەوە ئاستی تیپەكەی لە وەرزی ئەمساڵدا دابەزیبێت بە بەراورد بە وەرزی پێشوو.
قسەكانی راهێنەری بەرشەلۆنە لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی بەر لە یاری تیپەكە بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید هات لە خولی ئیسپانی و روونی كردەوە هیچ شتیكی خراپمان پێشكەش نەكردووە لە وەرزی ئەمساڵدا، بەڵام دەبێ دان بەوەدا بنێین كە ریال مەدریدی ركابەرمان زۆر بەهێزە، ئەمساڵ زۆر خاڵمان لەدەست داوە، بەڵام ئاستێكی زۆر خراپمان پێشكەش نەكردووە.
لەبارەی مشتومڕی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەیەوە لەگەڵ بەرشەلۆنە، گواردیۆلا ناڕەحەتی خۆی بە دووبارەكردنەوەی پرسیار لەوبارەیەوە دەربڕی و گوتی بەسە باسكردنی ئەو بابەتە، هەر شتێكی نوێ رووبدات یەكەم كەس ئێوەی رۆژنامەنووس دەیزانن.
گواردیۆلا پەسنی تواناكانی یاریزانانی گەنجی تیپەكەی كریستیان تیلۆ و كۆینكا و جۆناسان دۆس سانتۆس و مارتن مۆنتۆیای كرد و گوتی ئەوان بوونی خۆیان لە یاری نەكردنی یاریزانە گەورەكانی تیپەكەدا سەلماند.
Top