ئەگەری زۆر هەیە جیرارد ببێتە كاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا
رۆژنامەی دەیلی میرۆری بەریتانی ئاشكرای كرد كە ستیوارت پێرسی راهێنەری كاتیی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەر لە یاری دۆستانەی هەڵبژاردەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا ناوی ئەو یاریزانە ئاشكرا دەكات كە نیشانەی كاپتنی لە هەڵبژاردەكە پێدەدرێت.
بەپێی سەرچاوەكان ستیڤن جیراردی كاپتنی یانەی لیڤەرپوول نزیكترین كەسە بۆ ئەوەی ئەو نیشانەیەی پێ بدرێت بە تایبەت كە یاریزانانی هەڵبژاردەكە كۆكن لەسەر ئەوەی جیرارد بە كاپتنی هەڵبژاردەكەیان دەست نیشان بكەن.
دەست نیشانكردنی كاپتنی نوێی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا چەند جارێك دواخراوە و مشتومڕی زۆری دروست كردووە، دواجار كە بڕیاربوو كاپتنی نوێی تێدا دەست نیشان بكرێت، دوای دەستلەكاركێشانەوەی فابیۆ كاپیلۆی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەكە هات.
كاپیلۆ دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە بەهۆی بوونی ناكۆكی لەگەڵ یەكێتیی تۆپی پێی ئینگلیزی لەبارەی لێسەندنەوەی نیشانەی كاپتنی لە جۆن تێری دوای ئەوەی تۆمەتبار كرا بە گوتنی قسەی رەگەزپەرستانە بەرامبەر یاریزانانی تری خولی ئینگلیزی.