كۆل: لەگەڵ بواشدا هیچ نازناوێك بەدەست ناهێنین
رۆژنامەی زە سەنی ئینگلیزی گوتی كۆل لە كاتی كۆبوونەوەی یاریزاناندا بە راهێنەرەكەی گوتووە من هاتوومەتە چێڵسی بۆ ئەوەی نازناوەكان ببەمەوە، بەڵام بەهۆی تەكتیكە سەیرەكانی تۆوە هیچ نازناوێك بەدەست ناهێنم.
چێڵسی لە یاری چوونی قۆناخی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دووچاری دۆڕانێكی گەورە هات بەرامبەر ناپۆلی بە ئەنجامی 3-1.
یارییەكە لە كاتێكدابوو كە راهێنەری یانەكە بە دۆخێكی خراپ و پڕ كێشەدا لەگەڵ یانەكەیدا تێدەپەڕێت و لە خولی ئینگلیزیدا لە پلەی پێنجەم دێت و لە جامی ئینگلتەراش لەگەڵ بێرمنگهام یەكسان بوو بە گۆڵێك و فرناندۆ تۆرێسی هێرشبەری یانەكە توانای گۆڵ تۆماركردنی نییە وێڕای ئەوەی 50 ملیۆن پاوەندی پێدراوە.
رۆژنامەكە هەروەها دەڵێ كۆل كە بە باشترین بەرگریكەری لای چەپی ئینگلتەرا دادەنرێ، هەست دەكات لە ژێر سایەی ئەو راهێنەرەدا بووەتە ئامێرێك و ناتوانێ لە نێو یاریگادا ئازادانە یاری بكات.