بودجەی یانەی هەولێر ئاشکرا کرا

بودجەی یانەی هەولێر ئاشکرا کرا
رۆژی سێشەممە سەرۆکی یانەی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە بارەگای یانەکە، بەفەرمی بودجەی یانەکەی بۆ دەزگا راگەیاندنەکان لە وەرزی ئەمساڵدا ئاشکرا کرد و گوتی: بۆ وەرزی ئەمساڵ بڕی بودجەی 3 ملیار و حەفتا و پێنج ملیۆن دینار بۆ یانەکەمان تەرخان کراوە، بەراورد لەگەڵ بودجەی وەرزی رابردوو بودجەکەمان کەمی کردووە ئەم بودجەیە تەنیا بۆ تیپی تۆپی پێی یانەکەمانە، کە بەشداری لە خولی نایابی عێراق و جامی یەکێتی ئاسیا دەکات.
لە درێژەی قسەکانیدا د.عەبدوڵڵا مەجید گوتی: تا ئێستا لەم بودجەیە یەک ملیار دینار-مان وەرگرتووە، ئەوەی تر بە چەند بەشێک وەریدەگرێن، خەرجی یانەکەمان روو لە زیادی دەکات بەهۆی بەشداریکردنەمان لە جامی یەکێتی ئاسیا، کە سەفری چەند وڵاتێک دەکەین و هەروەها خولی نایابی عێراق ماوەیەکی درێژ دەخاینێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا د.عەبدوڵڵا مەجید گوتی: سەیر لەوە دایە، هەندێک یانە هەیە پارە لە ئێمە زیاتر وەردەگرن کەچی کەس باسی ناکات و هەندێکی تر هەیە لە خولی پلە یەکی کوردستان یاری دەکات، کەچی پارەیەکی باش لە حکوومەت وەردەگرێت کەس هیمای بۆ نابات، ئێمە حەز دەکەین گشت یانەکان پارە لە حکوومەت وەربگرن، بەڵام دەبێت جیاوازی لە نێوان یانەکان بکرێت، یانەی هەولێر پاڵەوانی عێراق و بەشداری لە جامی یەکێتی ئاسیا دەکات چۆن دەبێت بودجەی لەگەڵ یانەیەکی تری کوردستان وەکو یەک بێت، کە ئەو هیچ دەستکەوتێکی نییە.
Top