پێلێ: من بۆ تۆپی پێ خولقاوم
پێلێ لە چاوپێكەوتنی ماڵپەری فیفادا گوتی باوكم هەردەم پێی دەگوتم من بۆ تۆپی پێ لەدایكبووم و بەهرەیەكی راستەقینەم هەیە، بەڵام ئەو بەهرەیە تەنیا بە مەشق و كاری بەردەوام دەردەكەوێت، باوكم راستی دەكرد.
پێلێ رەتی كردەوە ئەو نەوەیەی ئێستای یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بە باشترین تیپی مێژوو دابنرێت و گوتی ئەوان ئێستا لە سەردەمی زێڕینی خۆیاندا دەژین، بەڵام پێشتر یانەكانی سانتۆسی بەرازیلی و بەنفیكای پورتوگالی و ئەیاكسی هۆڵەندی و ریال مەدریدی ئیسپانی و میلانی ئیتاڵیش هەمان سەردەمی زێڕینی خۆیان هەبووە كە بوونەتە جێگەی سەرنجی هەموو جیهان و نازناوەكانیان بردووەتەوە.
هەروەها گوتی سەركەوتنی یانەكان رەنگدانەوەی لەسەر ئاستی هەڵبژاردەكانیش دەبێت، ئەوەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەیكات رەنگدانەوەی ئاستی بەرشەلۆنەیە و پێشتر ئاستی ئایندهۆڤنیش رەنگدانەوەی لەسەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا هەبوو، بۆ یانەی سانتۆس و هەڵبژاردەی بەرازیلیس هەمان شت راستە.
ئەفسانە بەرازیلییەكە گوتی هەڵبژاردەی بەرازیل توانای ئەوەی هەیە نازناوی مۆندیالی 2014 لە نێو خاك و جەماوەری خۆیدا بەدەست بێنێت، بەو مەرجەی بگاتە ئاستی پاڵەوانیەتییەكە.