فیفا لێكۆڵینەوە لە بردنەوەی سەیری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە هەڵبژاردەی پیرۆ دەكات

فیفا لێكۆڵینەوە لە بردنەوەی سەیری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە هەڵبژاردەی پیرۆ دەكات
لە هەنگاوێكی سەیر و كەموێنەدا، یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی خۆی لە ئەنجامی گومانلێكراوی بردنەوەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە هەڵبژاردەی پیرۆ لە مۆندیالی 1978 دەست پێكرد كە بەهۆی ئەنجامی یارییەكەوە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین توانی بگاتە یاری كۆتایی مۆندیالەكە و دواتر لە یاری كۆتاییدا لە هەڵبژاردەی هۆڵەنداشی بردەوە و بۆ یەكەمجار نازناوی مۆندیالی بەدەست هێنا.
بڕیاری لێكۆڵینەوەی فیفا لە رووداوەكە دوای لێدوانی جەنەراڵێكی پێشووی پیرۆ هات كە ئاشكرای كرد ئەوكات رێكەوتن كراوە لە نێوان هەردوو حكوومەتی ئەرجەنتینی و پیرۆییدا بۆ ئەوەی ئەرجەنتین سەربكەوێت و ئەمەش بەهۆی بەرژەوەندی سەربازی و سیاسی و ئابوورییەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
لە یارییەكەدا ئەرجەنتین توانی 6-0 یارییەكە بباتەوە، لە كاتێكدا پێویستی بە بردنەوە بە 4-0 هەبوو بۆ ئەوەی پێشەنگی كۆمەڵەكەی لەو مۆندیالەدا بگرێت و پێش هەڵبژاردەی بەرازیل بكەوێت و بگاتە یاری كۆتایی.
دیار نییە فیفا چ بڕیارێك دەدات ئەگەر بۆی دەركەوت بردنەوەی ئەرجەنتین لە یارییەكەدا بەپێی رێكەوتنی سیاسی بووە.
Top