دیل بۆسكی: هیوادارم كۆتاییەكی باشم لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یۆرۆی 2012 هەبێت

دیل بۆسكی: هیوادارم كۆتاییەكی باشم لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یۆرۆی 2012 هەبێت
ڤیسنتی دیل بۆسكی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا گوتی دەمەوێ ماوەی كاركردنم لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە شێوەیەكی باش كۆتایی پێ بێنم.
دیل بۆسكی روونی كردەوە كە تەنیا 4 مانگ ماوە بۆ دەستپێكردنی یۆرۆی 2012 و گوتی هیوادارم لەو پاڵەوانیەتییەدا بە شێوەیەكی باش كۆتایی بەكاروانی وەرزشیی خۆم بهێنم.
راهێنەرە قاڵەكە متمانەی خۆی بە هەڵبژاردەی لارۆخا دووپات كردەوە لەوەی بتوانێ پارێزگاری لە نازناوە كیشوەرییەكەی بكات دوای ئەوەی توانی لە هاوینی 2010 نازناوی مۆندیال بەدەست بێنێت.
لەبارەی كێشەی فرناندۆ تۆرێسی هێرشبەری یانەی چێڵسییەوە كە لە نزیكەی ساڵێك یاریكردن بۆ یانەكەی تەنیا 5 گۆڵی تۆمار كردووە، دیل بۆسكی گوتی تۆرێس لە یاریگادا ئاستێكی باش پێشكەش دەكات و هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی لە پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا بمێنێتەوە، دەزانم گۆڵ نەكردن ورەی هێرشبەر دەهێنێتە خوارەوە، بەڵام دڵنیام تۆرێس ئەو دۆخە تێدەپەڕێنێت.
راهێنەری ئیسپانیا پەسنی تواناكانی داڤید سیلڤای یاریزانی یانەی مانچستەر ستی و خوان ماتای یاریزانی یانەی چێڵسی كرد و گوتی ئەوانە یاریزانی باشن و توانای پێشكەشكردنی ئاستی بەرزیان هەیە.
Top