هیدینگ دەبێتە گرانترین راهێنەری جیهان

هیدینگ دەبێتە گرانترین راهێنەری جیهان
یانەی ئینجی رووسی گرێبەستی لەگەڵ گۆس هیدینگی راهێنەری هۆڵەندیدا بۆ ماوەی 18 مانگ كرد و بەوەش بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان هیدینگ دەبێتە گرانترین راهێنەر لە جیهاندا.
رۆژنامەی سپۆرت ئێكسپرێس ئاشكرای كرد هیدینگی 65 ساڵ گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەی سلێمان كەریمۆڤی ملیاردێری رووسیدا ئیمزا دەكات دوای ئەوەی پەیوەندی بە یەكەی مەشقی یانەكەوە دەكات لە توركیا.
بەپێی رۆژنامەی فوتبۆڵی هۆڵەندی هیدینگ یاریدەدەرەكانی خۆی بۆ پۆستە نوێیەكەی دیاری كردووە و مووچەی ساڵانەی 13 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی دەبێت و یانەكە لە بری ئەو باجەكانی سەر ئەو راهێنەرە دەدات لە كاتی كاركردنیدا لە رووسیا.
یانەی ئینجی هەفتەی رابردوو دەستبەرداری یۆری كراسنۆگانی راهێنەری بوو كە ماوەی 2 مانگ لە پۆستەكەیدا مایەوە.
خولی رووسی لە ئاداری داهاتوودا دەست بە چالاكییەكانی دەكاتەوە.
یانەی ئینجی كە ساڵی 1991 دامەزراوە موڵكی كەریمۆڤی سەرمایەداری رووسیە كە چەندین گرێبەستی گەورەی بۆ كڕینی ساموێل ئیتۆ و رۆبەرتۆ كارلۆس خەرجكردووە.
هیدینگ پێشتر راهێنەری یانەكانی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی و ریال مەدریدی ئیسپانی و چێڵسی ئینگلیزی و هەڵبژاردەكانی هۆڵەندا و كۆریای باشوور و ئوسترالیا و رووسیا و توركیا بووە.
Top