راهێنەرانی کوردستان چەند یاریگایەکیان بەسەرکردەوە
لەوێستگەی دووەمیاندا ئەندامانی وەفدەکە سەردانی یاریگای (نیشتیمانیی) پۆڵندایان کرد، ئەو یاریگایەی کەیاریی کردنەوەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای تێدا بەڕێوەدەچێت، بەبینینی یاریگاکە ئەندامانی وەفدەکە سەرسامی خۆیان دەربڕی و بەیەکێک لەخاڵە گرنگ و گەورەکانی ئەم خولەیان دانا، کەلەلایەن یەکێتی ناوەندی تۆپی پێی کوردستانەوە بۆیان کراوەتەوە، لەوتەیەکیدا (سەفین کانەبی) سەرۆکی یەکێتیەکە وێڕای دەبڕینی خۆشحاڵی خۆی راگەیاند: هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر لەدروستکردنی یاریگای لەم جۆرە بکاتەوە تا ئێمەش وەک گەلانی تر ببینە خاوەنی ژێرخانێکی گەورەی وەرزشیی، لەکۆتایی قسەکانیدا کانەبی بەناوی هەموو ئەندامانی وەفدەکەوە سوپاسی یەکێتی تۆپی پێی پۆڵندای کرد بۆ هاوکاریی کردنی یەکێتیەکەیان لەبەئەنجام گەیاندنی خولەکەدا و هیوای خواست وڵاتانی تریش هاوکارییان بن بۆ پێشخستنی بواری تۆپی پێی لەهەرێمەکەیاندا.
دواتر راهێنەران سەردانی شاری کۆنی وارشۆیان کرد کەبەشێوەیەکی شارستانی دیزاین کراوە و لەجەنگی جیهانی دا لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە زیانی زۆری پێگەیشتووە، بەڵام دووبارە بنیاتنراوەتەوە، دوای گەڕان بەناو شارە کۆنەکەدا سەرجەم وەفدەکە روویانکردە یاریگای (ڤۆیسکا پۆڵسکیگۆ) کەتایبەتە بەیانەی (لیگیا ڤارشاڤا) و کەئەو یانەیە لەخولی ئەوروپا (جامی یەکێتی ئەوروپای پێشوو) بەشدارە، لەهەمان یاریگادا ئەندامانی وەفدەکە پێشانگای کاڵاوەرزشیەکانی یانەی لیگیا ڤارشاڤایان بەسەرکردەوە.
دواتر بۆ وەرگرتنی پشوویەک سەرجەمیان سەردانی یەکێک لەمارکێتە گەورەکانی وارشۆیانکرد.