لانە ڕۆستەم:یانەكانی كوردستان گرنگی باش بە تێنسی سەرزەوی دەدەن
*چۆن بوو یاری تێنسی سەرزەویت هەڵبژارد؟
-لەڕێگای باوكمەوە كە خۆی زۆر نزیكە لەیاری تێنسی سەرزەوی، منیش خولیاو ئارەزووم بەو یارییە یەكجار زۆر بوو، بۆیە منیش ڕاستەوخۆ ئەو یارییەم هەڵبژارد.
*كێ هاندەرت بوو بۆئەوەی گرنگی زیاتر بەخۆت بدەی لەم یارییە بگەیتە ئەو ئاستەی ئێستا؟
-بێگومان باوكم و ڕاهێنەرەكانم هەموویان هاوكاربوون كە هانیان دام بۆئەوەی پەرە بەتواناكانی خۆم بدەم و ئاستی خۆم پێشبخەم، باوكیشم بە بەردەوام ئامۆژگاریم دەكات لەیاری كردن.
*هەست ناكەی یارییەكی قوڕست هەڵبژاردووە؟
-نەخێر، چونكە ئەگەر یاریزان بیەوێ پەرە بەئاست و توانای خۆی بدات، دەبێت تێبكۆشێ بۆئەوەی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات و مەشقی باش بكات تادەگاتە ئەو ئامانجەی كە خۆی دەیەوێت.
*ئاستی ئەو یارییە چۆن دەبینی لەكوردستان؟
-لەئێستادا یانەكانی كوردستان گرنگی باش بەو یارییە دەدەن، بەرە بەرە یانەی شارەكانی كوردستان خەریكن تیپی كچان دروست دەكەن و دێنە نێو گۆڕەپانی یارییەكە و گرنگی بەتواناكانی یاریزانانی خۆیان دەدەن.
*ئەی لەشاری هەولێر لەچ ئاستێكە؟
- لەئێستادا باشترین ئاستی هەیە، چونكە كۆمەڵێك كەسی بەتوانا لەدەوری ئەم یارییە كۆبوونەتەوە ئامانجیان خزمەت كردنە و گرنگی باش بەتوانای یاریزانانی تەمەن بچووك لەهەردوو ئاستی كوڕان و كچان دەدەن، بۆیە پاشەڕۆژێكی باشی لێ چاوەڕوان دەكرێت.
*كێشە و گرفتان چیە لەیاری تێنسی سەرزەوی؟
-كێشەی ئێمە یاریگایە دەمانەوێ لایەنی بەرپرس یاریگای تایبەت بەتێنسی سەر زەویمان بۆدروست بكەن، بۆئەوەی زیاتر پەرە بەتواناكانی خۆمان بدەین و خۆمان دروست بكەین و ڕكابەری یانەكانی تر بكەین.
*داواكاریت چیە لەلایەنی بەرپرس لەم یارییە؟
-گرنگی زیاتر بەتواناكانی كچان بدرێت و هانی وەرزشكاری ئافرەت بدرێت زیاتر بێنە نێو وەرزش و یاریگاو پێداویستیمان بۆ دابین بكرێت.
*لەهەڵبژاردەی عێراق داواكراوی؟
-بەڵێ داواكراوم.
*چی بكرێت باشە بۆئەوەی ئەم یارییە پێشبكەوێت؟
-بەهیوای ئەوەم زیاتر یاریگا بكرێتەوە گرنگی زیاتر بەیاریزانانی تەمەن بچووك بدرێت لەشارەكانی كوردستان و هانی یاریزانان بدرێت لەم یارییە و خولی بەردەوام بكرێـتەوە.
* حەز دەكەی كچی وەرزشوان زیاتر بێتە نێو ئەو یارییە؟
- بەهیوای ئەوەم خانەوادەكان زیاتر هانی كچانیان بدەن، بۆئەوەی زیاتر خزمەتی وەرزشی بكەن و كچانیش هیچیان كەمتر نییە لەكوڕان لەوەرزش كردن.
*هیواو ئاواتت لەم یارییە؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم ببمە پاڵەوانێكی گەورە لەم یارییە بتوانم چەندین ئەنجامی باش بەدەست بهێنم و سەری خۆم و شاری هەولێر بەرزكەمەوە.
*ئەگەر شتێكت ماوە؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم و سوپاسی هەموو ئەوكەسانە دەكەم كە هاوكاریم دەكەن بەتایبەتی ڕاهێنەرەكەم و باوكم.