یانەی نەورۆز بووە پاڵەوانی خولی پلە یەكەكانی كوردستان بۆ تۆپی دەست

یانەی نەورۆز بووە پاڵەوانی خولی پلە یەكەكانی كوردستان بۆ تۆپی دەست
هەفتەی ڕابردوو لەهۆڵی شەهید فرەنسۆ هەریری پاڵەوانێتی خولی پلە یەكەكانی كوردستان بۆ تۆپی دەست بە بەشداریكردنی (15) یانە كۆتایی هات، كە بەسەر دوو كۆمەڵە دابەش كرابوون، كۆمەڵەكان بەمشێوەیە بوون.
كۆمەڵەی یەكەم: نەورۆز، ئاڵا، ئەكاد، بەردەڕەش، كۆیە، ئاكرێ، هەندرێن، قەڵادزێ
كۆمەڵەی دووەم: پێشمەرگەی هەولێر، ڕواندز، شەقڵاوە، مەخمور، ڕانیە، ڕزگاری، سۆران.
لەم پاڵەوانێتیە بەفەرمی هەر چوار یانەی (نەورۆز، پێشمەرگەی هەولێر، ئاكرێ، مەخمور) سەركەوتن بۆ خولی پلە نایابەكانی كوردستان بۆ وەرزی داهاتوو، دوای ئەوەی توانیان لەكۆمەڵەكانی خۆیان پلەكانی یەكەم و دووەم بەدەستبهێنن.
لەیاری كۆتایی ئەم پاڵەوانێتیەدا هەردوو یانەی نەورۆز و پێشمەرگەی هەولێر ڕووبەڕووی یەكتر بوونەوە، كە تیاییدا كوڕانی یانەی نەورۆز توانیان سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكەن و ببنە پاڵەوانی خولی پلە یەكەكانی كوردستان دوای ئەوەی بەئەنجامی ( 24-13) گۆڵ یارییەكەیان بردەوە.
دوای تەواوبوونی یارییەكە خەڵات بەسەر تیپە سەركەوتووەكان دابەش كرا.
جێگەی باسە ئەم پاڵەوانێتیە ماوەی 9 ڕۆژی خایاند و ڕۆژانە یارییەكان لەهەردوو هۆڵی شەهید فرەنسۆ هەریری و هۆڵی داخراوی بنەسڵاوە بەرێوەدەچوون و ئەم پاڵەوانێتیە بەسەرپەرشتی یەكێتی تۆپی دەستی كوردستان سازكرا.
Top