شاندی ڕاهێنەرانی یانەكانی كوردستان بەرەو توركیا و پۆڵەندە بەڕێكەوتن

شاندی ڕاهێنەرانی یانەكانی كوردستان بەرەو توركیا و پۆڵەندە بەڕێكەوتن
هەفتەی ڕابردوو شاندی ڕاهێنەرانی خولی پلە نایابەكانی كوردستان و خولی پلە یەكەكانی كوردستان بەرەو هەردوو وڵاتی توركیا و پۆڵەندە بەڕێكەوتن بەمەبەستی بەشداریكردن لەدوو خولی بەهێزكردنی ڕاهێنەران.
شاندی ڕاهێنەرانی خولی پلە یەكەكانی كوردستان كە بەشداری لە بەهێزكردنی خولی ڕاهێنەران لەوڵاتی توركیا دەكەن، لە27 كەس پێكهاتووە، كە 18 یان ڕاهێنەری یانە بەشداربووەكانی خولی پلە یەكەكانی كوردستانە و چوار ڕاهێنەری تر، كە دەبنە نوێنەری هەر چوار شاری هەولێر و دهۆك و كەركوك و سلێمانی و سێ ڕۆژنامەنووسی وەرزشی و دوو كارگێڕی یاوەری شاندەكە دەبن، ئەم خولە ماوەی شەش ڕۆژ دەخایەنێت و لەلایەن وانەبێژی باوەڕپێكراوی توركیا و یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا (نەجان كوربنر) وانەكان بەشێوەیە پراكتیكی و تێوەری دەگوترێتەوە.
شاندی ڕاهێنەرانی خولی پلە نایابەكانی كوردستان، كە لەوڵاتی پۆڵەندە بەڕێوە دەچێت، لە29 كەس پێكهاتووە، كە 14 یان ڕاهێنەری یانە بەشداربووەكانی خولی پلە نایابەكانی كوردستانە و سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و چەند كارگێڕێك و نوێنەری یەكێتی تۆپی پێی لقەكانی شارەكانی هەولێر و كەركوك و سلێمانی و دهۆك و ڕۆژنامەنووسێكی وەرزشی یاوەری شاندەكە دەكەن، ئەم خولەماوەی 10 ڕۆژ دەخاێنێت و تەواوكەری خولی ساڵی ڕابردووە، كە لەوڵاتی پۆڵەندە بۆ ڕاهێنەرەكان سازكرابوو.
یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بۆ پێشخستنی هەردوو خول گشت پێداویستیەكیان بۆ ڕاهێنەرە بەشداربووەكان دابین كردووە.
جێگەی باسە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان ساڵانە ئەم جۆرە خولانە بۆ ڕاهێنەر و ناوبژیوانەكانی كوردستان دەكاتەوە بەمەبەستی پێشخستنی ئاستی ڕاهێنەران و ناوبژیوانان لەدواین گۆڕانكارییەكانی بواری تۆپی پێی.
Top