ریاڵ مەدرید چوار قوتابخانەی تۆپی پێی لە کوردستان دەکاتەوە

ریاڵ مەدرید چوار قوتابخانەی تۆپی پێی لە کوردستان دەکاتەوە
لە کۆنگریەکی رۆژنامەنووسیدا، کە لە بارەگای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سازدرا بەفەرمی گرێبەستی کردنەوەی چوار قوتابخانەی وەرزشی یانەی ریال مەدرید لە کوردستان مۆرکرا.
لەم کۆنگرە رۆژنامەنووسیدا هەریەکە لە دکتۆر کاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابان شەدەڵە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا و میگێل لیتون نوێنەری یانەی ریال مەدرید سازکرا.
لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەدا دکتۆر کاوە مەحمود گوتی: هەست بە خۆشیەکی زۆر دەکەم، کە بۆ یەکەم جارە لە کوردستان و عێراق چوار قوتابخانەی تۆپی پێی تایبەت بە یانەی ریال مەدرید دەکرێتەوە، کە دەبێتە هۆکارێکی بەهێز بۆ پێشخستنی بواری تۆپی پێی لە کوردستان، ئەم قوتابخانەیە لە هەریەکە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکووک و کەلار دەکرێتەوە و لە هەر قوتابخانەیە 100 یاریزانی تۆپی پێی لە تەمەن جیاوازەکان وەردەگیرێت، لە پاڵ پێگاندنی یاریزانی تۆپی پێی لەم قوتابخانەیە یاریزانەکان لە لایەنی پەروردەی بایەخیان پێدەدرێت و ئەم پرۆژیە هیچ کاری ریکلامی بۆ یانەیەکی ناوبراو نییە تەنیا مەبەست لە کرنەوەی ئەم جۆرە قوتابخانەیە پێگەیاندنی یاریزانی کوردە لە بواری تۆپی پێی.
دواتر دابان شەدەڵە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا گوتی: ئێمە تەنیا کارمان لەگەڵ یانەی ریال مەدرید نەکردووە، بەڵکو داوامان لە یانەی بەرشلۆنە کردووە بەهەمان شێوە قوتابخانەی وەرزشی لە کوردستان بکەنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یانەی بەرشلۆنە خەرێکی کردنەوەی ئەم جۆرە قوتابخانەیە لە شاری بەسرە تا ئێستا رەزامەندی لەسەر داوایەکی ئێمە نەکردووە، خۆشبەختانە یانەی ریال مەدرید رەزامەندی خۆی لەسەر کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە لە کوردستان نیشاندا هەرچەندە زیاتر لە 62 وڵات چاوەڕوانی رەزامەندی یانەی ریال مەدرید-ن بۆ کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە و لە مانگی شەش بەفەرمی ئەم چوار قوتابخانەیە دەکرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت چەند یاریزانێکی بەناوبانگی ئەم یانەیە لە کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان ئامادە بن، لەسەرەتا راهێنەرەکان یانەی ریال مەدرید دێنە کوردستان دواتر راهێنەرەکانی کوردستان بۆ ماوەی 90 رۆژ دەچنە ئیسپانیا بۆ ئەوەی لە قوتابخانەی ریال مەدرید بەشداری خول بکەن، تاکو بتوانن مەشق بە یاریزانەکانی ئەم قوتابخانەیە بکەن لەسەر شێوازی یانەی ریال مەدرید، ئەم پرۆژیە هیچ بڕەپارەێکی تێنەچووە، بەڵکو یانەی ریال مەدرید لەسەر بودجەی خۆی دێتە کوردستان و کەل و پەلی وەرزشی بۆ یاریزانەکان و راهێنەرەکان دابین دەکات.
دواتر میگێل لیتون نوێنەری یانەی ریال مەدرید گوتی: خۆشحاڵم، کە هاتمە کوردستان و مەبەستی ئێمە لە کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە تەنیا پێگەیاندنی یاریزان نییە، بەڵکو زیاتر کارێکی پەروەردەیە و دەمانەوەی بەشداری لە دروستکردنی مرۆڤی بەسوود و باش، و کردنەوەی ئەم جۆرە قوتابخانەیە گرنگی تایبەتی هەیە لە لایەن یانەی ریال مەدرید، دوای گەرانەوەم بۆ ئیسپانیا راپۆرتی تایبەتی خۆم پیشکەش بەم فلۆرنتینۆ پرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و سێ بەڕێوەبەری گشتی یانەکە دەکەم بۆ باسکردنی لەسەر چۆنیەتی بەرێوەچوونی ئەم پرۆژە وەرزشیانە لە کوردستان.
Top