ملپێچەكەی گواردیۆلا ئەوروپا دەهەژێنێت

ملپێچەكەی گواردیۆلا ئەوروپا دەهەژێنێت
ئەو ملپێچە رەنگ شین و رەشەی پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە یاری نێوان یانەكەی و یانەی بایەر لیڤەركوزنی ئەڵمانی لە یاری چوونی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە ملی كرد كە تێیدا یانەكەی 3-1 براوەبوو، مشتومڕی زۆری هێنایە ئاراوە لە ئەوروپا بە گشتی و ئیتاڵیا بە تایبەتی.
دوای یارییەكە رۆژنامەنووسان لە گواردیۆلایان پرسی هۆكاری ئەوە چییە ئەو ملپێچەی بەرەنگی یانەی ئینتەر میلان پۆشیوە كە وەك ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆ وایە بۆ ویستی ئەو لە مەشق پێدانی یانەی ئینتەر میلان، ئەو راهێنەرە گوتی ئەوە دیاری هاوڕێیەكمە و من ئێستا راهێنەری تیپێكم كە بەهێزترین تیپی ئەوروپایە.
لەگەڵ ئەوەشدا جیانلۆكا فیالی یاریزانی ئیتاڵی كە شرۆڤەكاری تەلەڤزیۆنی سكای ئیتاڵییە گوتی من سەرسام بووم كاتێك مل پێچەكەم بە ملی گواردیۆلاوە بینی.
هەروەها گوتی ساڵی داهاتوو گواردیۆلا لەسەر كورسی یەدەگی یانەی ئینتەر میلان دەبێت و رۆبەرتۆ باجیۆی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیاش دەبێتە یاریدەدەری.
Top