سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان ئاماده‌ی خولی راهێنه‌ران بوو

سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان ئاماده‌ی خولی راهێنه‌ران بوو
بۆ رۆژی سێهه‌م له‌سه‌ر یه‌ك خولی راهێنه‌رانی كوردستان له‌وڵاتی پۆڵندا و له‌ناوچه‌ی پروشكۆڤی سه‌ربه‌ وارشۆی پایته‌خت به‌رده‌وامی هه‌بوو، دوای به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی وه‌فدی راهێنه‌رانی خولی پله‌ یه‌ك له‌ئه‌سته‌نبوڵ سه‌عات 8 ی شه‌وی شه‌ممه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (سه‌فین كانه‌بی) سه‌رۆكی یه‌كێتی ناوه‌ندی تۆپی پێی كوردستان و (سه‌ركار عه‌لی خان) ی جێگری سه‌رۆك و (حه‌مید خالید) ی ئه‌مینداری دارایی یه‌كێتیه‌كه‌ گه‌یشتنه‌ وارشۆی پایته‌خت و ئاماده‌ی رۆژی سێهه‌می خولی راهێنه‌ران بوون.

له‌سه‌ره‌تای ئه‌و رۆژه‌دا كرزیشتۆف چرۆباك (Krzysztof Chrobak) ی پۆڵندی چه‌ند وانه‌یه‌كی له‌سه‌ر شێوازی دانانی خشته‌ی راهێنانه‌كان و جۆره‌كانی خسته‌روو، له‌ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و وانه‌یه‌دا چرۆباك باسی له‌چۆنێتی توندكردن و ئاسانكردنه‌وه‌ی راهێنانه‌كان كرد بۆ یاریزانان تا له‌گه‌ڵ تواناكانیان بگونجێت، له‌هه‌مان رۆژدا چرۆباك چه‌ند داتایه‌كی پیشانی راهێنه‌رانی كوردستاندا له‌سه‌ر چاودێری كردنی ئه‌و ماوه‌یه‌ی هه‌ر یاریزانێكی له‌یاریگادا ده‌یبرِێت، دواتر بۆ جێبه‌جێكردنی به‌شی پراكتیكی وانه‌كان راهێنه‌ران روویانكرده‌ یاریگای دووه‌می یانه‌ی (زنیچ پروشكۆڤ) و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باش و به‌رچاو به‌شدارییان كرد و بووه‌ جێی خۆشحاڵی راهێنه‌ری وانه‌بێژ.

جێی باسه‌ كرزیشتۆف چرۆباك ئه‌ندامی پرۆگرامی یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌وروپایه‌ (UEFA - Pro) و راهێنه‌ری چه‌ند یانه‌یه‌كی به‌ناوبانگی پۆڵندا بووه‌ له‌وانه‌ (پۆڵۆنیا ڤارشاڤا، لیخ پۆزنان و چه‌ند یانه‌یه‌كی تر).

له‌به‌شی دووه‌می رۆژی سێهه‌مدا یه‌عقوب میشكۆرۆڤسكی (Jakob Myszkorowski) وانه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌سه‌ر شیكردنه‌وه‌ی یاریی (التحلیل) به‌راهێنه‌ران ووته‌وه‌، یه‌عقوب وانه‌كانی له‌رِێی چه‌ند داتایه‌كی نوێی جیهانییه‌وه‌ گه‌یانده‌ راهێنه‌ران و ئاشكراشیكرد كه‌پێویسته‌ راهێنه‌ران خۆیان ئه‌و كاره‌ بكه‌ن تاوه‌كوه‌ به‌ته‌واوی له‌ئاست و هه‌ڵسوكه‌وت و جوله‌ی یاریزانه‌كانیان دڵنیابن.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ بوترێت یه‌عقوب كه‌سێكی لێهاتووه‌ و به‌ته‌مه‌نێكی كه‌مه‌وه‌ توانیویه‌تی ببێته‌ جێی سه‌رنجی راهێنه‌ران و وه‌رزشكارانی پۆڵندا.
Top