راهێنه‌رانى كوردستان به‌مشێوه‌یه‌ گوزارشتیان له‌خوله‌كه‌ى توركیا كرد

راهێنه‌رانى كوردستان به‌مشێوه‌یه‌ گوزارشتیان له‌خوله‌كه‌ى توركیا كرد
كولان:كارزان كانه‌بى-سه‌نكه‌ر زرار


سێیه‌م رۆژی خولى به‌هێزكردنى ئاستى راهێنه‌رانى تیپه‌كانی تۆپی پێی خولی پله‌ یه‌كی یانه‌كانی كوردستان هه‌روه‌ك دوو رۆژی پێشوو به‌چه‌ند وانه‌یه‌كی تیۆرى و پراكتیكی درێژه‌ى پێدرا.
له‌هۆڵی هۆتێل Legend و یاریگاى یانه‌ی ریڤا كه‌ده‌كه‌ونه‌ سنوورى شاره‌وانی بایكۆزى شاری ئه‌سته‌نبوڵی توركیا به‌به‌شداری 23 راهێنه‌رى شاره‌كانی كوردستان خوله‌كه‌ به‌رده‌وامیی هه‌بوو، وانه‌بێژی خوله‌كه‌ نه‌جات گورپینار كه‌ له‌وڵاته‌كه‌ى لێپرسراوه‌ له‌خوله‌كانی گه‌شه‌پێدان و هۆشیاریی راهێنه‌ران له‌یه‌كێتی تۆپی پێی توركیا سه‌ره‌تا یه‌كێك له‌وانه‌كانی (پاسات و پاڵپشتیكردن له‌ناوچه‌ به‌رته‌سكه‌كانی یاریگا) به‌تیۆرى پێشكه‌شی به‌شداربووان كرد و دواتر وانه‌یه‌كی ترى له‌ژێرناوی (چۆنێتی به‌رگریكردن وه‌ك تیپێك له‌ناوچه‌ به‌رته‌سكه‌كانی یاریگا) به‌پراكتیكی به‌رِاهێنه‌ران جێبه‌جێكرد.
راهێنه‌رانی به‌شداربوو چی ده‌ڵێن؟
سه‌باره‌ت به‌لایه‌نه‌ باش و خراپه‌كانی خوله‌كه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن و تێگه‌یشتن و سوودوه‌رگرتن، راوبۆچوونی ته‌واوی راهێنه‌رانی به‌شداربوومان به‌مشێوه‌یه‌ وه‌رگرت:
*ته‌ها قادر: به‌شێوه‌یه‌كی باش سوودمان له‌خوله‌كه‌ بینیوه‌ و سوپاسی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان ده‌كه‌م.
*ئه‌رسه‌لان جه‌لال: خوله‌كه‌ سوودی باشی هه‌بوو له‌رِووی مه‌شق و هه‌ڵسوكه‌وتی راهێنه‌ر له‌گه‌ڵ یاریزان و ده‌سته‌ى كارگێرِی یانه‌ و ده‌ستخۆشی له‌یه‌كێتی تۆپی پىَ ده‌كه‌م و هیوادارم هه‌میشه‌ له‌خه‌می راهێنه‌ران دابن بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام زانیاری به‌سوود وه‌ربگرن.
*كاژاو كه‌مال: خوله‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو، تارِاده‌یه‌كی باش سوودی هه‌بوو، ده‌توانم بڵێم له‌و خولانه‌ى پێشتر كه‌تیایدا به‌شداربووم له‌هه‌موویان باشتربوو.
*جه‌مال محه‌مه‌د: به‌گشتی خولێكی سه‌ركه‌وتووبوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى مامۆستایه‌كی زۆر به‌توانا وانه‌كانی ده‌وته‌وه‌، به‌شبه‌حاڵی خۆم زۆر له‌خوله‌كه‌ رازیم.
*نیزال عه‌بدوڵڵا: به‌گشتی له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ خولێكی سه‌ركه‌وتووه‌، هه‌موو سوودێكی زۆر و باشمان لێوه‌رگرت.
*سه‌واش قادر: سوودم له‌خوله‌كه‌ بینی كه‌چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ یاریزانان، یارییه‌كان، كاستی راهێنه‌ران بكه‌م، هه‌روه‌ها شێوازه‌كانی به‌رگری و هێرشبردن، له‌هه‌مووى گرنگتر یه‌كترناسین و ره‌خساندنی كه‌شێك كه‌وه‌ك خێزانێك بین و هیوادارم ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌پاش خوله‌كه‌ش به‌رده‌وام بێت.
*ئارام به‌كر: خوله‌كه‌ هیچ كه‌موكورِى نه‌بوو، سوودێكی باشی هه‌بوو به‌تایبه‌ت له‌لایه‌نی مه‌شق و راهێنان و لێك نزیكبوونه‌وه‌ى راهێنه‌ران و یه‌كترناسین و ده‌ستخۆشی له‌یه‌كێتی تۆپی پىَ ده‌كه‌م.
*نه‌به‌ز زه‌ینه‌ل: ده‌ستخۆشی ئاراسته‌ى یه‌كێتی تۆپی پىَ ده‌كه‌م بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌م خوله‌، كه‌یه‌كه‌مجاره‌ بۆ راهێنه‌رانی پله‌ یه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌، خوله‌كه‌ سوودی خۆی بۆ راهێنه‌رانی كوردستان هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ماوه‌كه‌ى زیاتر بوایه‌ باشتربوو.
*ئیدریس محه‌مه‌د: پێشه‌كی سوپاسی یه‌كێتی تۆپی پىَ ده‌كه‌م بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌م خوله‌ بۆ راهێنه‌رانی پله‌ یه‌ك، خولێكی زۆر باشبوو، سوودێكی باشیشم لێوه‌رگرتووه‌.
*سه‌رتیپ عومه‌ر: ده‌ستخۆشی له‌یه‌كێتی تۆپى پىَ ده‌كه‌م، سووده‌كانی خوله‌كه‌ بریتیبوون له‌ شاره‌زابوون له‌شێوازی یاریكردن له‌كاتی له‌ده‌ستدانی تۆپ و چۆنێتی راوه‌ستان له‌ناو یاری له‌كاتی هێرشبردندا و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی له‌نێوان راهێنه‌ران، كه‌موكورِیشی ئه‌وه‌بوو كه‌ وانه‌ی پراكتیكی كه‌مبوو، له‌رِووی وه‌رگێرِه‌وه‌ وه‌ك پێویست نه‌بوو.
*فاروق خزر: سه‌ره‌تا ده‌ستخۆشی له‌یه‌كێتی تۆپی پىَ ده‌كه‌م، ده‌توانم بڵێم سوودێكی باشمان لێبینیوه‌، به‌ڵام كاته‌كه‌ى زۆر كه‌مبوو، له‌رِووی وه‌رگێرِانه‌وه‌ كه‌موكورِی هه‌بوو.
*ئاده‌م عوسمان: ده‌ستخۆشی به‌یه‌كێتی تۆپى پىَ ده‌كه‌م، سوودێكی زۆرم له‌م خوله‌ بینیوه‌، كردنه‌وه‌ى هه‌ر خولێكی گرنگی و بایه‌خی خۆی بۆ راهێنه‌ران هه‌یه‌ و زانیاری زیاتر به‌رِاهێنه‌ران ده‌به‌خشێت.
*هه‌رمان ساڵح: له‌ده‌ستپێكدا سوپاسی یه‌كێتی تۆپی پىَ ده‌كه‌م و به‌رِاستی خولێكی زۆر باشبوو، ئێمه‌ كه‌ڵكمان لێوه‌رگرت به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی پراكتیكى، چونكه‌ هه‌موومان له‌لایه‌نی تیۆرى هه‌موو شته‌كان ده‌زانین.
*ره‌زوان نازی: سه‌ره‌تا سوپاسی یه‌كێتی تۆپی پێى كوردستان ده‌كه‌م و زۆر سوودمان له‌خوله‌كه‌ وه‌رگرت و ئاره‌زوو ده‌كه‌م ئه‌مجۆره‌ خولانه‌ زیاتربێت.
*ئاشتی مسته‌فا: زۆر كه‌ڵكمان له‌و خولى راهێنه‌رییه‌ وه‌رگرت، له‌لایه‌نی كارگێرِی و رێكخستنه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر باشه‌، له‌لایه‌نی هونه‌رى تیۆرى و پراكتیكی باشبوو، ئاستی وانه‌بێژه‌كه‌ نایابه‌.
*نه‌وزاد محه‌مه‌د: شوێنی خوله‌كه‌ زۆر باشه‌، ئاماده‌كارییه‌كی زۆرباش كراوه‌، خوله‌كه‌ تارِاده‌یه‌كی مامناوه‌ند باشبوو، له‌لایه‌نی هه‌ڵسوكه‌وتكردنى راهێنه‌ر له‌گه‌ڵ تیپ و كاته‌ناخۆشه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی هه‌ڵه‌كان سوودمان لێوه‌رگرت.
*دڵشاد كه‌ریم: خولێكی زۆر خۆش و به‌سووده‌، له‌رِووی فێركردنه‌وه‌، له‌رِووی یه‌كترناسینى گشت راهێنه‌ره‌كان و رۆژنامه‌نووسه‌ ئازیزه‌كانیش.
*محه‌مه‌د یوسف: سوپاسی یه‌كێتی تۆپی پىَ ده‌كه‌م، له‌لایه‌نی تیۆرى و پراكتیكی خولێكی باشه‌ و سوودی زۆرى هه‌بووه‌.
*هێرش عه‌بدولرِه‌زاق: له‌هه‌ردوو لایه‌نی تیۆرى و پراكتیكی خولێكی باشبوو، گرنگترین شت هه‌موومان یه‌كترمان ناسی و سوپاسی یه‌كێتی ناوه‌ندی تۆپی پێى كوردستان ده‌كه‌م.
*خالید وه‌لی: سوپاسی یه‌كێتی تۆپی پێى كوردستان ده‌كه‌م بۆ رێكخستنی ئه‌م خوله‌ به‌تیۆرى و پراكتیكی.
*وه‌لی كه‌ریم: یه‌كه‌مجار سوپاسی بێپایانم بۆ یه‌كێتی تۆپی پێى كوردستان و بۆ رێكخستنی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ و فێربوونی شته‌تازه‌كانی یاری تۆپی پىَ و سوپاس بۆ ئه‌وانه‌ى هاریكاربوون بۆ سه‌ركه‌وتنی خوله‌كه‌.
Top