جەماوەری ئینتەر بۆ مۆراتی: ئێستا كاتی ئەوەیە بڕۆیت

جەماوەری ئینتەر بۆ مۆراتی: ئێستا كاتی ئەوەیە بڕۆیت
لە دیاردەیەكی دەگمەندا لە یاریگاكانی تۆپی پێ هاندەرانی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی داوای رۆیشتنی ماسیمۆ مۆراتی سەرۆكی یانەكەیان كرد.
دوای ئەوەی دوێنێ یانەی ئینتەر میلان دووچاری دۆڕانێكی تر هات لە خولی ئیتاڵی لە بەرامبەر یانەی نۆڤارا لە نێو یاریگای خۆیدا، جەماوەری ئەو یانەیە داوای رۆیشتنی مۆراتی سەرۆكی یانەكەیان كرد.
یانەی ئینتەر میلان بە دۆخێكی زۆر خراپدا دەڕوات لە وەرزی ئەمساڵدا و هەفتەی پێشوو لە دەرەوەی یاریگای خۆی دووچاری دۆڕانێكی گەورە هات بەرامبەر یانەی رۆما 4-0 و ئەم هەفتەیەش بە یانەی نۆڤارا دۆڕا كە دوا یانەی ریزبەندی خولی ئیتاڵییە.
ئەم دۆڕانە هاندەرانی یانەكەی ناچار كرد لە كاتی چوونە دەرەوەیان لە یاریگا داوای دەستلەكاركێشانەوەی مۆراتی بكەن و لە دروشمێكی گەورەدا نووسییان (سوپاس مۆراتی ئێستا بڕۆ).
ئینتەر میلان لە دوای رۆیشتنی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەرەوە دۆخێكی خراپی هەیە و هەریەك لە رافا بینیتێز و گاسپەرینی و لیۆناردۆ و رانێری كردووەتە راهێنەر بێ ئەوەی سوودیان بۆ یانەكە هەبێت.
Top