لەوانەیە كاپیلۆ ببێتە راهێنەری یانەی ئینجی

لەوانەیە كاپیلۆ ببێتە راهێنەری یانەی ئینجی
بەپێی دوایین راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی ئیتاڵیا، فابیۆ كاپیلۆ لە سەرووی لیستی ئەو راهێنەرانەوە دێت كە یانەی ئنجی ماخاشكالای رووسی هەوڵی گرێبەستكردنیان لەگەڵ دەدات بۆ مەشقی یانەكە.
هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی كاپیلۆ لە مەشقی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا رۆژی چوارشەمەی رابردوو وەك بوومەلەزەیەك وابوو لە تەواوی ئەوروپا كە ئەو راهێنەرە بەهۆی بوونی كێشە لەگەڵ یەكێتیی تۆپی پێی ئینگلیزی لەسەر لێسەندنەوەی نیشانەی كاپتنی لە جۆن تێری بەرگریكەری یانەی چێڵسی بەهۆی وتنی قسەی رەگەزپەرستانەوە بەرامبەر ئەنتوان فێردیناند، دەستی لە پۆستەكەی هەڵگرت.
كاپیلۆ لە دوای دەستلەكاركێشانەوەكەی بەدووری زانی بگەڕێتەوە بۆ مەشقدانی هیچ یانەیەكی ئیتاڵی و سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیتاڵیا گوتیان یانەی ئینجی كە یانەیەكی هەرێمی داگستانە و لە خولی رووسی یاری دەكات و یاریزانانی وەك ئیتۆ و رۆبەتۆ كارلۆس یاری بۆ دەكەن، كاپیلۆی خستووەتە سەرووی ئەو لیستەوەی كە دەیەوێ مەشقی یانەكەیان پێ بدات.
جیا لە ئینجی سەرچاوەكان پێشتر باسی ئەوەیان دەكرد كە كاپیلۆ پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنانی یانەی ئینتەر میلانیش بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی رانێرییەوە لەگەڵ ئەو یانەیە.
Top