لەتوركیا خولی بەهێزكردنی راهێنەرانی كوردستان دەستیپێكرد
لەتوركیا خولی بەهێزكردنی راهێنەرانی تیپەكانی تۆپی پێی خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستان دەستیپێكرد.
لەشاری ئەستەنبوڵی توركیا و لەهۆڵی هۆتێل Legend خولەكە بەئامادەبوونی سەرۆك و جێگرو و سێ ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و نوێنەرانی هەردوو لقی هەولێر و سلێمانی یەكێتییەكە و بەبەشداری 23 راهێنەر دەستیپێكرد و لەسەرەتادا بەناوی یەكێتی تۆپی پێی توركیا بەخێرهاتنی شاندی راهێنەرانی كوردستان و میوانان كرا و دواتر كورتەیەك لەژیانی یاریكردن و ژیانی راهێنەریی وانەبێژی خولەكە نەجاتی گورپینار (Necat Gurpinar) پێشكەشكرا و دوای ئەوە وانەبێژی خولەكە كە لێپرسراوە لەخولەكانی گەشەپێدان و هۆشیاریی راهێنەران لەیەكێتی تۆپی پێی توركیا لەلایەن خۆیەوە بەهەمان شێوە شاندی راهێنەران و بەتایبەتیش سەرۆك و ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستانی بەخێرهێنا و دواجاریش سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان وێڕای سوپاسكردنی وانەبێژی خولەكە، هیوای خواست كردنەوەی ئەم خولە لەتوركیا ببێتە پردێك بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا و ببێتە مایەی پێشكەوتنی ئاستی راهێنەران كەبتوانن شانبەشانی راهێنەرانی توركیا پێشبكەون و لەكۆتاییشدا هیوای خواست راهێنەرانی بەشداربوو پابەندی خولەكە بن و سوودی باشی لێوەربگرن و بتوانن خزمەتی بوارەكەیانی پێبكەن.
لەڕۆژی یەكەمدا چوار وانە بەهاوكاری و وەرگێڕانی هەریەكە لەهاشم دەروێش و مەحمود نورەدین پێشكەشكران كە بریتیبوون لە گۆڕانكارییە بەدەستهاتووەكانی خولەكانی راهێنەریی لەیەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا-یوفا، یاسا و رێساكانی تۆپی پێ و بنەماو كۆڵەكەكانی، هێرشبردن لەهەر سێ ناوچەی شێوازەكانی یاریكردن، 1 چۆنێتی بەرگریكردن 1 بەرامبەر 1 و 2 بەرامبەر 2 و 3 بەرامبەر 3.
شایەنی باسە وانەكان بەیانیان و ئێواران دەبێت و بەهەردوو شێوازی تیۆری و پراكتیكی لەبەشداربووان دەوترێنەوە و چوار رۆژیش بەردەوام دەبێت.