كاپیلۆ دەستی لە راهێنانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا كێشایەوە
دەستلەكاركێشانەوەی كاپیلۆ دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ دیڤید برنستینی سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕیی یەكێتیی تۆپی پێی ئینگلیزی هات كە بۆ لێكۆڵینەوە لە بڕیاری یەكێتییەكە بە لێسەندنەوەی نیشانەی كاپتنی لە جۆن تێری كاپتنی هەڵبژاردەكە دەریكردبوو دوای ئەوەی ئەو یاریزانە تۆمەتبار كرا بە گوتنی وشەی رەگەزپەرستی بە فێردیناندی بەرگریكەری یانەی كوینز پارك رینجەرز.
یەكێتییەكە گوتی دەستلەكاركێشانەوەی فابیۆی قبووڵ كردووە لەو كۆبوونەوەیەدا كە ماوەی كاتژمێر و نیوێكی خایاندووە.
كاپیلۆ بە بڕیاری یەكێتییەكە بۆ لێسەندنەوەی نیشانەی كاپتنی لە جۆن تێری رازی نەبوو و ئەوەش لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاشكرا كرد.
یەكێتییەكە گوتی كاپیلۆ لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ و بە درێژایی ماوەی كاركردنی وەك راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بە پیشەگەرانە مامەڵەی كردووە و هیوای خواست ئەو راهێنەرە لە كارەكانی داهاتوویدا سەركەوتوو بێت.
دەستلەكاركێشانەوەی كاپیلۆ كێشەیەكی گەورە بۆ یەكێتییەكە دروست دەكات بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەكی گونجاو، بە تایبەت كە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هاوینی ئەمساڵ بەشداری یۆرۆی 2014 دەكات.