بەهۆی كێشەی داراییەوە:پێنج یاریزانی یانەی خاك وازهێنانی خۆیان لەیانەكە ڕاگەیاند

بەهۆی كێشەی داراییەوە:پێنج یاریزانی یانەی خاك وازهێنانی خۆیان لەیانەكە ڕاگەیاند
دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو پێنج یاریزانی یانەی چەمچەماڵ بەهۆی كێشەیان لەگەڵ یانەكەیان وازهێنانی خۆیان ڕاگەیاند، ئەمجارەش یانەی خاك پێنج یاریزانی سەرەكی وازی لەیانەكە هێنا.
هەر چەندە لەئێستادا شاری كەركوك بەدەوڵەمەنترین شاری بەرهەمهێنانی نەوت دادەنرێت لەجیهان كەچی وەرزشكارانی ئەوشارە تاكوئێستا بەدەستی كەمی بودجە و خراپی یاریگاكان دەناڵێنن، یانەی خاكیش یەكێكە لەیانەكانی شاری كەركوك دوای ئەوەی ئەم وەرزە ئاستی وەكو پێویست نەبوو لەچاو ساڵانی ڕابردوو كە ڕكابەری دەكرد بۆبەدەستهێنانی پلیـتی خولی پلە نایاب، لەڕۆژی یەك شەممەی ڕابردوو پێنج یاریزانی سەرەكی یانەكە بەهۆی نەبوونی پارە و خراپی باری دارایی یانەكەیان جێهێشت یاریزانانیش بریتی بوون لەهەریەك لەیاریزانان (كاروان سەرتیپ و جێگرسدیق، هاوكارسدیق، گۆران مەحەمەد، مەریوان مەحەمەد) جێگر سدیق یاریزانی یانەكە لەبارەی هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەی لەیانەی خاك بۆفایلی وەرزشی گوڵان گوتی «ئەوان سەرەتا گرێبەستیان لەگەڵ ئێمە كرد گوتیان دەبێت سەركەوین بۆ پلە نایابی كوردستان، ئێمەش لەئێستادا ئاستی تیپەكەمان لەخولی پلەیەك خراپ بووە و هیوای ئەوەمان نەماوە بۆیە ئەوانیش بەقسەی خۆیان كە باری دارایی یانە باش نەماوە بۆیە ئێمەش وازهێنانی خۆمان ڕاگەیاندووە، ئەوانیش بەئێمەیان گوت مووچەكانتان كەم دەكەینەوە بەهۆی كێشەی دارایی، بۆیە ئێمەش وازهێنانی خۆمان ڕاگەیاند و پێمان گوتن گرێبەستەكەمان هەڵدەوەشێنینەوە، چونكە ئێمە بەمەرج گرێبەستمان لەگەڵ یانەكە مۆر نەكردووە، هەرچەندە سەرۆكی یانەكە مامەلەی لەگەڵمان باش بووە، بەڵام چەند كەسێك لەئیدارە مانای یاری نازانن تەنیا دەیانەوێ سەركەون بۆخولی نایاب ئەوە تۆپی پێیە هەموو شتێكی تێدایە. چەند یانەیەكیش داوای لەئێمە كردووە لەئێستادا یاریان بۆبكەین. كاروان سەرتیپ یاریزانی یانەكە بۆفایلی وەرزشی گوڵان گوتی «ئێمە ماوەیەكە لەیانەی خاك یاریمان كردووە یاریزانی سەرەكی تیپەكەش بووینە، بەڵام لەچەند ڕۆژی ڕابردوو وازهێنانی خۆمان ڕاگەیاندو بەهۆی نەبوونی پارە و هەندێك كێشە كە هەبوو لەنێوان یاریزانان و ڕاهێنەر لەیارییەكاندا، ئەوانیش ئێستا بەئێمەیان گوت باری دارایی یانەكەمان خراپ بووە و موچەكانتان كەم دەكەینەوە، ئێمەش بەم بڕیارە ڕازی نەبووینە بۆیە وازمان هێناوە، لەئێستاشدا چەند یانەیەك پێوەندی بەئێمە كردووە بۆیاری كردنمان لەڕیزی یانەكە، بەڵام جارێك بڕیاری كۆتاییمان نەداوە. پشتیوان عەلی ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەكە لەبارەی كێشەكە بۆ فایلی وەرزشی گوڵان گوتی «ئێمە تووشی قەیرانی دارایی بووینە لەیانەی خاك، تاكو ئێستاش یەك بەرپرسی شارەكە لەشاری كەركوك هاوكاری ئێمەی نەكردووە ئەنجامەكانیشمان لەم وەرزە خراپ بووە و هیچمان بۆنەماوە، لەئیدارە بڕیاری ئەوەمان داوە كە یاریزانەكان كەم كەینەوە كە توانای دارایمان خراپ بێت، ئەو پێنج یاریزانەی دەرەوەی شاری كەركوكیشمان پێشتر هێنابوو بۆیە ئەوانیش وازهێنانی خۆیان لەتیپەكە ڕاگەیاند، ئەو یاریزانانەش یاریزانی زۆر بەتوانا و ئاست بەرز بوون، بەڵام كە باری داراییمان خراپ بێت چی بكەین زۆر دڵسۆزی یانەكەمان بوون، تاكو ئێستاش نە لەلایەن پارێزگاری كەركوك و نە هیچ كەسی تر هاوكاری نەكراوین، هەر دەڵێن هاوكاری دەكرێن، وازهێنانی ئەم پێنج یاریزانەش تەنیا هۆكاری پارە بووە هیچی تر نەبووە.
Top