خانەقین لەوەرزشیش كورد بوونی خۆیان دەسەلمێنن
ئازاد كەریم عەبدوڵڵا ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەكە و سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی خانەقین لەبارەی ئاستی تیپەكە لەم وەرزەدا گوتی «خولی پلە یەكی كوردستان، ساڵ بەساڵ بەرەوپێشچوونی باش بەخۆیەوە دەبینێ، سەرەڕای ئەوەی ئاستی تیپەكان یەكجار بەهێزە و ململانێ لەسەر بەدەستهێنانی بلیتی خولی نایاب چڕدەبێتەوە، ئێمە ئەمساڵ بەنیاز بووین ئەنجاممان هەبێت لەخولی پلە یەك، ئاستی پارساڵمان زۆر لەم ساڵ باشتربوو هەر چەندە تیپەكەمان تیپێكی زۆر باش و تۆكمەیە لەگشت ڕوویەك لەیارییەكانیش ئاستمان باش بووە، بەڵام نەبوونی چانس لەیارییەكان هۆكاربووە كە ئاستمان وەكو پێویست نەبێت و نەتوانین سەركەوتن تۆماربكەین، لەچەند یارییەكیش ناوبژیوانان زوڵمیان لەیانەی خانەقین كرد ئەوەش ڕۆلی خۆی هەبوو لەسەر ئاستی یاریزانەكانمان، بۆیە وای لێهات تیپەكەمان بكەوێتەوە دواوە، لەبارەی كێشەكانی یانەكەشیان گوتی «هیچ كێشە و گرفتێكمان نییە لەهیچ ڕووێكەوە، بەڵام چەند هەفتەیەك پێش ئێستا ڕاهێنەری یانەكەمان دەستبەرداری یانەی خانەقین بوو ئەوەش كاریگەری هەبوو بۆیاریزانان، هەرچەندە لەڕووی ئیدارییەوە قەزای خانەقین سەر بەپارێزگای دیالەیە، بەڵام ئێمە لەڕووی وەرزشەوە خۆمان بەكوردستانی دەزانین و هیچ پێوەندیكمان بەئیدارەی دیالەوە نییە و هەر لەدوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق ئێمە خۆمان هێناوەتە سەر كوردستان لەوەرزشەوە بەهۆی كورد بوونمانەوە. گوتیشی هیچ هاوكارییەك ناكرێین لەئیدارەی دیالەوە حكومەتی هەرێم هاوكاری باشمان دەكات لەگشت ڕوویەك، تاكو ئێستاش ئیدارەی پارێزگای دیالە یەك تۆپیشیان پێ نەداوین، لەڕووی وەرزشەوە ئێمە بودجەش لەحكومەتی هەرێم وەردەگرین، ئەمساڵیش بڕیارمانداوە بەشداری یارییەكانی خولی پلە یەكی عێراقی بكەین.
سەڵاح كۆكی ڕاهێنەری یانەی خانەقین گوتی «هەرچەندە من ماوەیەكی كورتە مەشقی یانەی خانەقینم لەئەستۆ گرتووە، بەڵام خولی پلە یەكەكانی كوردستان زۆر بەهێزە و یانەكان هەمووی ڕكابەری دەكەن بۆبەدەستهێنانی بلیتی خولی پلە نایابی كوردستان، هەوڵدەدەم لەم ماوەیەی كە من ئەركی یانەی خانەقینم لەئەستۆیە تیپەكە باش بكەم و تیپێكی نموونەیی ئامادە بكەم، ئەو چەند یارییەشی ماوە هیوادارم بتوانم سەركەوتن بۆیانەكە تۆماربكەم و یانەكەش لەخولی پلە یەكەكانی كوردستان بهێڵمەوە، هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە لەیانەی خانەقین هەوڵدەدەم قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان دروست بكەم لەشاری خانەقین بۆئەوەی زۆرترین سوود لەگەنجانی خانەقین ببینین بەشێوەیەكی زانستی و سەردەمیانە بۆ وەرزشی كوردستان و خانەقین، كاتیشم پێویستە بۆئەوەی بتوانم ئاستی یانەكە بەرەو پێش ببەم.
تاڵب عەلی كاپتنی یانەی خانەقین لەبارەی ئاستی یانەكەیان لەم وەرزەدا گوتی «یانەی خانەقین هەموو ساڵێك بە بەهێزی بەشداری خولە گرنگەكان دەدات، پار ساڵ ئاستی یانەكەمان یەكجار بەهێز بوو، بەڵام لەدوا یارییەكان نەمانتوانی سەركەوین بۆ خولی نایاب، ئەمساڵیش هەر چەندە بە بەهێزی بەشداری خولەكەمان كرد، بەڵام لەزۆربەی یارییەكان ئاستمان باش بوو، و بەختیش یاوەرمان نەبوو، لەئێستاشدا تەنیا ئەوەمان لەبەر دەست ماوە كە لەخولی پلەیەك بمێنینەوە هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە یانەكەشمان باش هاوكاریمان دەكات، حكومەتی هەرێمیش هاوكاری بەردەوامانن.