هەڵبژاردەی مۆناكۆ بەفەرمی بەشداری لەپاڵەوانێتی جامی ڤیڤای 2012 لە كوردستـان دەكات

هەڵبژاردەی مۆناكۆ بەفەرمی بەشداری لەپاڵەوانێتی جامی ڤیڤای 2012 لە كوردستـان دەكات
هەفتەی ڕابردوو لەبارەگای یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەفین كانەبی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بەسەردانەكەی بۆ وڵاتی فەرەنسا و ئیمارەی مۆناكۆ و هەرێمی كەتالۆنیا-ی ئیسپانی كرد و تیشكی خستە سەر گرنكترین دەستكەوتەكانی ئەم سەردانە و باسی لەهاتنی چەند كێشەیەك لەلایەن وڵاتە بەشداربووەكانی ئەم پاڵەوانێتیە كرد، لەسەرەتای كۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەكە سەفین كانەبی گوتی: ئەم سەردانەمان بۆ وڵاتی فەرەنسا و ئیمارەی مۆناكۆ-ی فەرەنسی و هەرێمی كەتالۆنیا-ی ئیسپانیا زۆر سەركەوتوو بوو لەڕووی دروستكردنی پێوەندیەكی بەهێز بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی كەتالۆنیا و تایبەت بوو بەباسكردن لەژمارەی هەڵبژاردە بەشداربووەكانی پاڵەوانێتی جامی جیهانی ڤیڤا، كە ساڵی 2012 لەكوردستان بەڕێوە دەچێت، دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی هەرێمە بێ وڵاتەكان (N.F.BORD) بڕیاردرا لە(15-16)ی ئەم مانگە لەشاری میلانۆ-ی ئیتاڵیا كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ ئەندامانی (N.F.BORD) ئەنجام بدرێت بەمەبەستی ئاشكراكردنی هەڵبژاردە بەشداربووەكان و دیاریكردنی كاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتیەكە، بەشێوەیەكی سەرەتایی 8 تا 12 هەڵبژاردە بەشداری لەم پاڵەوانێتیە دەكەن.
لەدرێژەی قسەكانیدا سەفین كانەبی گوتی: سەرەتای سەردانەكەمان بۆ هەرێمی مۆناكۆ-ی فەرەنسا بوو، كە پێشوازیەكی گەرمیان لێكردین و بەفەرمی داوەتنامەی بەشداریكردنی پێنجەم پاڵەوانێتی هەرێمە بێ وڵاتەكان ڤیڤا ئاڕاستەی هەڵبژاردەی مۆناكۆ كرا، ئەوانیش بەخۆشحاڵیەوە بەشداربوونی خۆیان لەم پاڵەوانێتیە دووپاتكردەوە بەشێوەیەكی فەرمی داوامان لێكردن سەردانی كوردستان بكەن لەنزیكترین كاتدا.
لەدرێژەی قسەكانیدا سەفین كانەبی گوتی: دواتر سەردانی هەرێمی كەتالۆنیا-مان كرد لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی كەتالۆنیا و لیژنەی ئۆڵۆمپی كەتالۆنیا پێشوازیەكی گەرممان لێكرا و كۆبوونەیەكەمان ئەنجامدا، لەم كۆبوونەوەیە بە تێروتەسلی باس لەدروستكردنی پێوەندی نێوان هەردوو هەرێمی كوردستان و كەتالۆنیا كرا و بەفەرمی داوامان لێكردن كە یارمەتیمان بدەن لەكردنەوەی خولی ناوبژیوانی و ڕاهێنەری و....تاد، چونكە هەرێمی كەتالۆنیا پێشكەوتووە لەبواری تۆپی پێ و داوتنامەیەكمان ئاڕاستەكردن بۆئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین و هەروەها بەفەرمی داوامان لێكردن بەشداری لەپاڵەوانێتی ڤیڤا بكەن لەهەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی سەرەتایی یەكێتی تۆپی پێی هەرێمی كەتالۆنیا ئامادەیی خۆی نیشان دا بەشداری لەم پاڵەوانێتیە بكات، بەڵام دەبێت ڕەزامەندی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا وەربگرن ئینجا دەتوانن بەشداری لەم پاڵەوانێتیە بكەن و یەكێتی تۆپی پێی كەتالۆنیا تەئكیدیان لەوە كردەوە كە ئەوان هاوكاری یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەكەن بۆ كردنەوەی پێوەندی نێوان یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی فیفا (FIFA) بۆ ئەوەی هەڵبژاردەی كوردستان بتوانێت ساڵانە چەند یارییەكی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەكانی جیهان ئەنجام بدات.
هەر لەدرێژەی قسەكانیدا سەفین كانەبی باسی لەكێشەیەك كرد كە هاتووتە بەردەمیان ئەویش بلیتی فڕۆكەیە و گوتی: لەم سەردانەدا زۆربەی هەڵبژاردەكان داوایان كرد نرخی بلیتی فڕۆكە بۆ كوردستان و بەپێچەوانە بكەوێتە ئەستۆی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان، چونكە توانای داراییان نییە، بەڵام تا ئێستا ڕەزامەندیمان نەداوە دەبێت لەمباریەوە لەگەڵ لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە ئەنجام بدەین بۆ گەیشتن بۆ بڕیاری كۆتایی.
لەكۆتایی قسەكانیدا سەفین كانەبی باسی لە نۆژەنكردنەوەی یاریگاكانی كوردستان كرد و گوتی: ئەمە پێوەندی بەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان-ی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوان پەیوەستن بەم كارە، بەڵام دەپرسم بۆچی تا ئێستا یاریگاكان نۆژەن نەكراونەتەوە و ئەم 20 ملیارە بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگاكانی كوردستان چی لێهات و كەی دەست بەنۆژەنكردنەوەی یاریگاكان دەكرێت.
Top