فێرگسۆن پشتگیری كاپیلۆ دەكات
فێرگسۆن گوتی بێگومان راهێنەر گرنگترین ئەندامی دەستەی تۆپی پێیە، بڕیارەكەی پێویستە بەسەر هەموواندا جێبەجێ ببێت و داوای لە یەكێتیی تۆپی پێ كرد دەست نەخاتە ناو بڕیارەكانی كاپیلۆوە و گوتی تەنیا راهێنەر مافی ئەوەی هەیە دەستنیشانی بكات كێ كاپتنە.
پێشتر كاپیلۆ رەتی كردبووەوە نیشانەی كاپتنی لە جۆن تێری وەربگرێتەوە دوای ئەوەی رووبەڕووی تۆمەتی رەگەزپەرستی كرایەوە لەلایەن ئەنتوان فێردیناندی یاریزانی یانەی كوینز پارك رینجەرزەوە.
لێدوانی فێرگسۆن لە كاتێكدایە كە ئەنتوان برای ریۆ فێردیناندی بەرگریكەری یانەی مانچستەر یونایتدە.
یەكێتیی تۆپی پێی ئینگلیزی سەرەتای ئەم هەفتەیە بڕیاری دا نیشانەی كاپتنی لە تێری بسەنێتەوە.
لە بەرامبەردا كاپیلۆ گوتی لە كاتێكدا هێشتا دادگا نەیسەلماندووە تێری تاوانبارە یان بێتاوانە، چۆن نیشانەی كاپتنی لێدەسەنرێتەوە، بۆ من تێری هێشتا كاپتنە و گوێ بە بڕیاری یەكێتییەكە نادەم.