ئیبراهیمۆڤیج گورزێكی كوشندەی لە میلان دا
یەكێتیی تۆپی پێی ئیتاڵی ئاشكرای كرد بڕیاری راگرتنی 3 یاری بۆ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیجی هێرشبەری یانەی میلان دەركردووە دوای ئەوەی لە یاری یانەكەی بەرامبەر یانەی ناپۆلی لە هەفتەی رابردووی خولی ئیتاڵیدا دەستدرێژی كردە سەر سلڤاتۆر ئەرۆنیكای بەرگریكەری ئەو یانەیە و لێی دا.
ئیبرا لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا بەبێ هیچ پێویستییەك بە توندی پەلاماری ئەرۆنیكای دا و بەوەش نیكۆلا رۆزیتی ناوبژیوانی یارییەكەی ناچار كرد بە كارتی سوور بیكاتە دەرەوە.
یەكێتییەكە ئاشكرای كرد ئەو 3 یارییەی ئیبرای تێدا رادەگیرێت بریتی دەبێت لە یارییەكانی یانەی میلان بەرامبەر یانەكانی ئۆدینێزی و چیزینا و یۆڤنتۆس.
رۆژنامەكانی ئیتاڵیا كارەكەی ئیبرایان بە بێئەقڵی ناوبرد و گوتیان ئەوە گورزێكی كوشندەیە ئیبرا بەرامبەر یۆڤی یاری نەكات كە یاری لوتكەی ئەمساڵی خولی ئیتاڵی دەبێت.