رۆژنامەی ماركا: ئەو 7 هۆكارەی وادەكەن نازناوی ئەمساڵی ئیسپانیا بۆ ریال مەدرید بێت
ئێستا ریال مەدرید بەجیاوازی 7 خاڵ لە پێش یانەی بەرشەلۆنەی هەڵگری نازناوی وەرزی رابردووەوەیە.
رۆژنامەكە هۆكارەكانی بردنەوەی نازناوەكەی لە وەرزی ئەمساڵدا بۆ 7 خاڵ گەڕاندووەتەوە كە بریتین لە:
1- چوونە دەرەوەی ریال مەدرید لە جامی شای ئیسپانیا ئەمەش پشوویەكی باش بە یاریزانانی یانەكە دەدات بۆ خۆئامادەكردن بۆ هەر یارییەكی خولەكە.
2- بوونی هێڵێكی یەدەگی بەهێز لە یانەكەدا كە توانای شوێنگرتنەوەی یاریزانە سەرەكییەكانیان هەیە، یانەكە بە پێكانی ریكاردۆ كارفالیۆ هیچ كاریگەرییەكی پێوە دیار نەبوو، ئەمە جیا لە پێكانی سامی خدیرە و ئەنخل دی ماریا.
3- توانای هێڵی هێرشبەری یانەكە لە تۆماركردنی گۆڵ كە تا ئێستا لە 21 یاریدا 71 گۆڵی تۆمار كردووە لە لالیگا.
4- ویستی یاریزانانی یانەی شاهانە بۆ بردنەوەی نازناوەكە ئێستا لە هەموو كات زیاترە.
5- هەموو ژمارە و سەرژمێرییەكان ریال مەدرید بە براوەی وەرزی ئەمساڵ دادەنێن.
6- مێژووی هەمیشەیی مۆرینۆ لەگەڵ هەموو ئەو تیپانەدا كە مەشقی پێداون ئەوە دەسەلمێنێ كە وەرزی دووەمی كاركردنی لەگەڵ یانەكان وەرزی چنینەوەی نازناوەكانە و پێدەچێ ئەمساڵیش لەگەڵ ریال مەدرید هەر وابێت.
7- ریال مەدرید هەرگیز نازناوی لالیگای لەدەست نەداوە ئەگەر بە جیاوازی 7 خاڵ لە پێشەوەی یانەی پلە دووی خولەكەوە بووبێت.