مانچینی: وامداناوە تێڤێز لە یانەكەم نەماوە

مانچینی: وامداناوە تێڤێز لە یانەكەم نەماوە
رۆبەرتۆ مانچینی راهێنەری یانەی مانچستەر ستی ئینگلیزی گوتی كارلۆ تێڤێزی هێرشبەری یانەكە هیچ ئومێدی گەڕانەوە بۆ پێكهاتەی یانەكەی لەبەردەمدا نییە و تەنیا ئومێدی ئەوەیە بگەڕێتەوە ئاستی جارانی خۆی.
مانچینی لە لێدوانی رۆژنامەوانیدا گوتی تێڤێز هەڵبژاردەیەكی باش نییە لە ئێستادا و لە وەرزی ئەمساڵدا بە هیچ شێوەیەك پشتی پێنابەستم.
هەروەها گوتی لە ئێستادا وا تەماشای دەكەم وەك ئەوەی لە یانەكەم نەمابێت، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ یاریكردن پێویست لە چەند مانگی داهاتوودا مەشقێكی زۆر بكات و بگەڕێتەوە ئاستی جارانی خۆی، ئەوكات ماوەی دەبێت بۆ گەڕانەوە.
تێڤێز لەو كاتەوەی لە 27ی ئەیلوولی رابردوودا رازی نەبوو بەشداری یاری یانەكەی بەرامبەر یانەی بایرن میونشن بكات لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، تێڤێز بەشداری هیچ یارییەكی یانەكەی نەكردووە.
یانەی مانچستەر ستی لە بەرامبەر ئەو كارەدا بڕی 690 هەزار یۆرۆ سزای تێڤێزی دا و دواتر مانچینی داوای لێكرد داوای لێبوردن بكات بۆ ئەوەی رێگەی گەڕانەوە بۆ یاریكردنی پێ بدرێت، بەڵام ئەو یاریزانە رەتی كردەوە.
Top