لە یارییەكی خولی میسردا 77 كەس كوژران و 1400 كەسی تریش برینداربوون

لە یارییەكی خولی میسردا 77 كەس كوژران و 1400 كەسی تریش برینداربوون
دوێنێ یاریگای شاری پۆرسەعیدی میسر كارەساتترین رووداوی وەرزشی لە مێژووی تۆپی پێدا بەخۆوە بینی كە بووە هۆی كوژرانی 77 كەس و برینداربوونی 1400 كەسی دیكە.
لە یارییەكی خولی میسریدا كە لە شاری پۆرسەعید هەردوو یانەی مەسری پۆرسەعید و ئەهلی كۆكردەوە و بە بردنەوەی یانەی خاوەن یاریگا 3-1 كۆتایی هات، لە دوای یارییەكە جەماوەری ناو یاریگاكە دابەزینە نێو چیمەنی یاریگا و پەلاماری یاریزانانی یانەی ئەهلییان دا و بەهۆیەوە شەڕ و پێكدادانی قورس لە نێوان هاندەراندا دروست بوو كە لە دوا زانیاریدا بووە هۆی كوژرانی 77 كەس و برینداربوونی 1400 كەسی دیكە.
ئەو دیمەنانەی دوێنێ لە یاریگاكەدا روویدا جیهانی تووشی سەرسامی كرد و دەنگدانەوەی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا.
سەرچاوەكان گوتیان جەماوەری یانەی پۆرسەعید بە جۆرەها چەك پەلاماری یاریزانان و دەستەی كارگێڕی و هاندەرانی یانەی ئەهلییان داوە و ژمارەیەكی بەرچاو كوژراو لە رووداوەكە كەوتووەتەوە.
پۆلیسی ئامادەبووی نێو یاریگاكە هیچی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو دۆخە نەكرد و دوای ئەو رووداوانە یانەی ئەهلی دەستبەجێ هەموو چالاكییە وەرزشییەكانی خۆی راگرت و پاشەكشەی لە خولی میسری كرد. هەروەها حوسام حەسەنی راهێنەری یانەی مەسری پۆرسەعید دەست لەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاند.
لە دوا پێشهاتدا یەكێتیی تۆپی پێی میسر خولی میسری تا كاتێكی نادیار راگرت و داواكاری گشتی ئەو وڵاتە دۆسییەی لیكۆڵینەوەی لە رووداوەكە دەست پێكرد.
Top