به‌فه‌رمی هه‌ولێر گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ هه‌رێم بورهان مۆركرد

به‌فه‌رمی هه‌ولێر گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ هه‌رێم بورهان مۆركرد
كولان:كارزان كانه‌بى

ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر به‌فه‌رمی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یاریزانی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی هه‌رێم بورهان بۆ ماوه‌ی یه‌ك وه‌رز مۆركرد و برِی گرێبه‌سته‌كه‌ 25 ملیۆن دیناره‌ و مووچه‌ی مانگانه‌ی یه‌ك ملیۆن دیناره‌ له‌گه‌ڵ دابین كردنی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ له‌ شاری هه‌ولێر و گرێبه‌ستی یاریزانی ناوبراو به‌فه‌رمی له‌ یه‌كێتی تۆپی پێی عێراق په‌سند كرا و به‌شداریكردنی له‌ یارییه‌كی نێوان هه‌ولێر و زه‌ورا بۆ برِیاری راهێنه‌ر نه‌زار مه‌حروس ده‌گه‌رێته‌وه‌.
ئه‌م یاریزانه‌ له‌ هه‌ردوو خولی نایابی عێراق و جامی یه‌كێتی تۆپی پێی ئاسیا له‌گه‌ڵ یانه‌ی به‌شداری ده‌كات و درێسی ژماره‌ (5) له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ له‌به‌ر ده‌كات.
ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ له‌ رووی یاساییه‌وه‌ یاریزان هه‌رێم بورهان هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌، چونكه‌ ئه‌م یاریزانه‌ له‌ خولی عێراق گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ هیچ یانه‌یه‌ك نییه‌، به‌لاَم له‌ خولی كوردستان ده‌بێت ته‌نیا یاری بۆ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بكات و رێگامان به‌م یاریزانه‌ داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خولی كوردستان له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی یاری بكات، هه‌روه‌ها هاتنی ئه‌م یاریزانه‌ بۆ یانه‌ی هه‌ولێر به‌ ئاگاداری ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بووه‌، چونكه‌ ئه‌م یاریزانه‌ یانه‌كه‌ی ئاگادار كردۆته‌وه‌، كه‌ ده‌چێته‌ یانه‌ی هه‌ولێر.
بۆیه‌ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی هه‌ولێر ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و گشت یانه‌كانی كوردستان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ نابێته‌ هۆی دروستبوونی كێشه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌.
جێگه‌ی باسه‌ یاریزان هه‌رێم بورهان له‌ دایكبووی ساڵی 1984ی شارۆچكه‌ی كه‌لاره‌ و له‌ یانه‌كانی شێروانه‌ و نه‌ورۆز و ئارارات و سیروانی نوێ و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و یانه‌یه‌كی نه‌رویجی و هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان یاری كردووه‌ و له‌ لایه‌ن راهێنه‌ری ئه‌ڵمانی سیدكا بانگهێشتی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق كرا، به‌لاَم به‌هۆی چه‌ند كارێكی تایبه‌ته‌وه‌، نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی عێراق به‌رده‌وام بێت.
Top