یانەی مەخمور هەوڵی مانەوەی دەدات لەئیدارەی موسڵیش هاوكاری ناكرێت

یانەی مەخمور هەوڵی مانەوەی دەدات لەئیدارەی موسڵیش هاوكاری ناكرێت
تیپی تۆپی پێی یانەی مەخمور دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو توانی بەپلەی یەكەم لەخولی پلە دووەكانی كوردستان سەركەوێت بۆڕیزی یانە پلە یەكەكان، ئەمساڵیش لەخولی پلە یەكەكانی كوردستان ئاستیان وەكو پێویست نییە و هۆكاری خراپی ئاستی یانەی مەخموری میوانی ئەمساڵی خولەكەش بۆ نەبوونی یاریگایەكی تایبەت بەیانەكەیان دەگەڕێننەوە، تا ئێستاش قەزای مەخمور سەر بەپارێزگای موسڵە و لەڕووی وەرزشیشەوە هیچ هاوكارییەك ناكرێت. لەم بارەشەوە ئەم ڕاپۆرتەمان ئەنجامدا..
مامۆستا تاریق سەرۆكی یانەی مەخمور لەبارەی ئاستی یانەكەیان و كێشەكانیان بۆگۆڤاری گوڵان گوتی «ئاستی یانەی مەخمور لەم وەرزە ئاستێكی مام ناوەندییە، ئێمەش لەم وەرزی خولی پلە یەكەكانی كوردستان تەنیا یەك ئامانجمان هەیە، ئەویش مانەوەیە لەخولی پلەیەكی كوردستان، چونكە ئەوە ساڵی یەكەممانە بەشداری یارییەكانی خولی پلە یەك دەكەین و دەبێتە ئەنجامێكی باش بۆمان خۆمان بهێڵینەوە لەخولەكە، ئەزمونێكی وامان نییە، چونكە ئەوە یەكمجارە بەشداری بكەین. گوتیشی كێشەو گرفتەكانی یانەی مەخمور یەكجار زۆرن بەتایبەتی نەبوونی یاریگایەكی تایبەت بەیانەی مەخمور، ئێمە یاری خۆمان هەیە لەخولەكە لەبری ئەوەی لەیاریگای خۆمان ئەنجامی بدەین، دەچین لەشاری هەولێر یارییەكە ئەنجام دەدەین، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی یانەكەمان، ئەگەر یانەیەك لەیاریگای خۆی یەك مەسروف بكات ئێمە دەبێت دوو مەسروف بكەین. گوتیشی زۆربەی یاریزانەكانمان خەڵكی مەخمور نین دەبێت پارەیەكی باشیان لەكرێی ئۆتۆمبێل بۆ سەرف بكەین، ئەوەش كێشەیە بۆئێمە و بودجەی یانەكەمان 5ملیۆن دینارە ئەو بڕە پارەیە بەشی چی دەكات، چەندین یاریی جۆراوجۆرمان هەیە لەیانەی مەخمور ئەگەر ئەو هەموو یارییەمان هەبێت پێنج ملیۆن بەشی چی دەكات، گوتیشی هیچ كەسێك هاوكاریمان ناكات جگە لەبەرپرسی لقی مەخمور، ئەگەر كەسیش هاوكاریمان نەكات چۆن باش دەبین، بۆیە پێویستە لەسەر بەرپرسانی وەرزشی ئاوڕێك لەیانەی مەخمور بدەنەوە، هەرچەندە مەخمور لەسەر ئیدارەی موسڵ هەژماردەكرێت كەچی یەك دینارمان پێ نادەن.
هێرش مەجید یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی مەخمور لەبارەی ئاستی یانەكەیان گوتی «ئەمساڵ ئاستمان لەخولی پلەیەكدا وەكو پارساڵ نییە، چونكە ئێمە پارساڵ سەركەوتین بۆخولی پلەیەك، بۆیە خولی پلەیەكیش زۆر جیاوازە لەگەڵ خولی پلە دوو، ئاستەكەشمان تاكو ئێستا جێگیر نییە، ئاستمان تۆزێك لاوازە لەیارییەكانی داهاتووش هەوڵدەدەین باشتر بین. كێشەی ئێمە نەبوونی یاریگایەكی تایبەتە بەخۆمان بۆئەوەی یارییەكان لەسەر یاریگای خۆمان ئەنجام بدەین، ئەگەر یارییەكانی خولی پلەیەك لەشاری مەخمور ئەنجام بدربایە، هاندەرێكی یەكجار زۆرمان ئامادەی بینینی یارییەكان دەبوو، گوتیشی بەهۆی ئەوەی كەوا یاریزانەكانمان هەندێكیان لەشاری هەولێرن و هەندێكی تریش لەیانەكانی تر هاتوونە، ئەوەش كێشەیە، چونكە بەشێوەیەكی باش لەمەشقەكان ئامادەنابن یاخود لەمەخمور نامینێنەوە، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی یاریزانان، گوتیشی گۆڕینی ڕاهێنەر ئەوەش كاریگەری هەبوو لەسەر یانەی مەخمور كە دوو ڕاهێنەرمان گۆڕیوە، گوتیشی هەموو هەوڵێكمان تەنیا مانەوەیە لەخولی پلەیەكی كوردستان، بەهیوای ئەوەشم هاوكاری یانەی مەخمور بكرێت، چونكە ئێمە لەسەر موسڵ حیسابین، هیوادارم ئاوڕی جددی لەشاری مەخمور و وەرزشی مەخمور بدرێتەوە بۆئەوەی ئێمەش بتوانین لەساڵی داهاتوو ئەنجامی دڵخۆشكەر بۆخەڵكی مەخمور بەدەستبهێنین.
محەمەد حەیدەر كاپتنی یانەی مەخمور لەم بارەیەوە گوتی «ئەمساڵ ئاستی خولی پلە یەكەكانی كوردستان ئاستێكی بەزری هەیە، یانەكان هەموویان ئاستیان لەیەكتری نزیكە، تەواوی یانەكانیش لەسەر یاریگای خۆیان یاری ئەنجام دەدەن، كەچی یانەی مەخمور یاریگایەكی تایبەت بەخۆی نییە كە یاری لێ ئەنجام بدات، بۆیە زۆربەی یارییەكانی ئەم وەرزەمان لەسەر یاریگای شەهیدان بووە لەشاری هەولێر، ئەوەش وایكردووە كە جەماوەری یانەكەمان لێمان داببڕێن بۆیە پێویستە لەسەرلایەنی بەرپرس بەزووترین كات كێشەی یاریگامان بۆچارەسەر بكەن بۆئەوەی هاندەرانی وەرزشی مەخموریش لەتیپەكەی خۆیان دانەبڕێن، چونكە خەڵكی مەخمور كەسانێكی وەرزش دۆستن، بودجەی یانەكەشمان وەكو پێویست نییە، بۆیە ئەمساڵ تاڕاددەیەك ئاستمان وەكو پێویست نەبووە، هەموو هەوڵێكیشمان لەم وەرزە تەنیا مانەوەیە لەخولی پلە یەكەكانی كوردستان بۆئەوەی بتوانین لەساڵی داهاتوو ئەنجام و ئاستمان دڵخۆشەكەر بێت، داواكاریشم لەلایەنی بەرپرس هاوكاری گشت یانەكانی كوردستان بكەن.
Top