دكتۆر عەبدوڵڵا سەرۆكی یانەی هەولێر:سوودمان لە پرۆژە بازرگانیەكان وەرگرتووە و لە ئایندەش باشتر دەبێت
* لەئێستادا تاچەند گەشبینی بەئاستی یانەی هەولێر؟
- من هەمیشە گەشبین بوویمە بەیانەی هەولێر، هەرچەندە یانەكەمان هەندێك جار تووشی شپرزەیی دەبێت، بەڵام دەتوانین بەزووترین كات چارەسەری كێشەكانی یانەكە بكەین.
* بەچ شێوەیەك گرێبەستتان لەگەڵ نزار مەحروسی سووری مۆركردوە بۆوەرگرتنی مەشقی یانەی هەولێر؟
- وەكو هەموو ڕاهێنەرەكانی تر كەوا ساڵانە لەئێستاوە تاكو كۆتایی هاتنی یارییەكانی جامی ئاسیا، بڕی گرێبەستەكەشی 150هەزار دۆلارە بەمووچەو هەموو شتێكەوە.
* لەئێستادا ئێوە زۆرجار باسی ئەوە دەكەن، كە یانەی هەولێر پارەیەكی زۆر قەرزارە، بەرنامەتان چییە بۆدانەوەی قەرزەكان؟
- ڕاستە پارەیەكی زۆر قەرزارین تاكو ئێستا بودجەمان بۆسەرف نەكراوە، بەڵام لەئێستادا بڕیاری ئەوەیان داوە لەچەند ڕۆژی داهاتوو پارەكەمان بۆسەرف بكەن و كێشەكانمان چارەسەر بكەین.
* لەشەقامی وەرزشی باسی ئەوە دەكرێـت، كە ئێوە ئەیوب ئەدیشۆتان دوورخستۆتەوە نەك خۆی بڕیاری دەست لەكاركێشانەوەی دابێت؟
- نەخێر شتی وانییە خۆی دەستی لەكاركێشاوەتەوە، ئەیوب ئەدیشۆ ڕاهێنەرێكی زۆر باشە و یەكێكە لەڕاهێنەرە هەرە باشەكانی عێراق.
* تاچەند سوودتان لەپڕۆژە بازرگانیەكان وەرگرتووە؟
- سوودمان وەرگرتووە، بەڵام ڕەنگە لەئایندە سوودی زۆر باشتریش وەربگرین لەپڕۆژە بازرگانیەكان.
* ڕاستە وەكو یانەی هەولێر پشكتان لەپڕۆژەی تابلۆ مۆڵدا هەیە؟
- بەڵێ ڕاستە سەدا 45 پشكمان هەیە لە تابلۆمۆڵ.
* بەرنامەتان چییە بۆخۆئامادەكردن بۆیارییەكانی جامی ئاسیا كە لەئێستادا تەنیا دوومانگ ماوە یارییەكانی دەست پێ بكات؟
- ناتوانین هیچ بەرنامەیەك دابنێین، لەبەر ئەوەی خولی عێراق زۆر موخەربەت و بێ سەروبەرە و كات و ساتی یارییەكانی دیار نییە، پێنج ڕۆژ جارێك یارییەك ئەنجام دەدەین ئەوەش كێشەیە، ئەگەر ئێمە بمانەوێ بەرنامە دابنێین بۆئەوەی سەربازگەیەكی مەشقی ئەنجام بدەین، یارییەكانمان هەمووی دوادەخرێت و ئەوەش لەدوایی كێشەمان بۆدروست دەبێت، بەڵام بەرنامەمان هەیە بۆهێنانی یەك دوو یاریزان تا ئەو كەم و كورتیەی لەتیپەكەمان هەبێت چارەسەر بكەین.
* دەتوانی لەئێستادا موژدە بەهاندەرانی یانەی وەرزشی هەولێر بدەی بۆ بەدەستهێنانی خولی بژاردەی عێراقی؟
- ئێمە خۆمان لەئێستادا پلانمان داناوە كەوا چۆن ببینە پاڵەوانی یانەكانی عێراقی و گەشبینین پەنا بەخوا دەبینە پاڵەوانی عێراق.
* هۆكاری چیە هاندەرانی وەرزشی ئامادەی یارییەكانی یانەی هەولێر نابن لەیارییەكانی خولی بژاردەی عێراقی؟
- هیچ پێوەندی بەیانەی هەولێر و ئەنجامی یانەی هەولێریشەوە نییە، چونكە ئێستا ئەنجاممان زۆر باشە، بەڵام كاتی یارییەكان زۆر هەڵەیە، ئێمە وەكو دەستەی كارگێڕی نازانین چ ڕۆژێك یاریمان هەیە، ئەوە دەگەڕێـتەوە سەر ڕێكخستنی خولی عێراقی كە بەموخەربەتی دادەنرێت و ڕۆژەكان دیار نییە و یارییەكان لەڕۆژانی هەینی نییە، كاتەكانیش كاتژمێر(2:30)خولەكە یارییەكانیش لەڕۆژانی دووشەممە و سێ شەممە ئەنجام دەدرێت، خەڵك لەدەوامی فەرمیە و ناتوانێ فەرمانگە بەجێ بهێڵن، ئەوانە سەدا 95ی هۆكارن بۆئامادە نەبوونی هاندەران لەیارییەكانی یانەی هەولێر.
* بڕیاری ئەوەتان دابوو ئەگەر هاوكاری نەكرێن بەكۆمەڵ دەست لەكاربكێشنەوە و بەشداری جامی ئاسیاش نەكەن؟
- ئێمە هیچ كات بڕیاری ئەوەمان نەداوە كە دەست لەكاربكێشینەوە، چونكە یەك ساڵە بەبێ پارەین و كاریش دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەر پارەش نەبوو ئەوە ناچارین چ بكەین دەبێـت لەگەڵ یانەكە ڕێككەوین، بەڵام تاكو ئێستاش هیچ كات نەمان هێشتووە یانەكە لەكارەكانی ڕاوەستێت، ئەگەر هیچیش نەبێت وەكو پارە بەخۆمان توانیومانە چارەسەری بكەین.
* راگەیاندكارانی كوردستان زیاتر گلەیی ئەوەتان لێ دەكەن كە ئێوە زیاتر گرنگی بەڕۆژنامەنووسانی عەرەب دەدەن نەوەك كوردەكان؟
- من تاكو ئێستا لەگەڵ یەك ڕاگەیاندكاری عەرەب دیمانەم ئەنجام نەداوە، تەنیا لەگەڵ كوردەكان دیمانەم ئەنجامداوە، یەك ڕاگەیاندكاری عەرەبیش نەهاتۆتە ئێرە دیمانەم لەگەڵ بكات، تەنیا لەكاتی یارییەكان نەبێت یان كە لەبەغدا یاریمان هەیە ئەوكات قسەم لەگەڵ بكەن، ئەگەر نا شتی وانیە.
* ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتاییدا؟
-داواكارم وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان زیاتر گرنگی بەوەرزش بدەن بەتایبەتی ژێرخانی وەرزشی، داواكارم یاریگایەكی نێودەوڵەتی لەشاری هەولێر بكرێتەوە، لەوباوەڕەش دام هەتا یەك تا دووساڵی تر هەموو شارەكانی عێراق باشتر دەبن لە كوردستان لەڕووی ژێر خانی وەرزشیەوە، پاش ساڵێكی تر سەدا 10ی ئەوانمان نابێت لەم ڕووەوە.