پاڵەوانی جامی كۆكا كۆلا بۆ قوتابخانەكانی كوردستان دەچێتە پۆڵەندە و ئوكرانیا

پاڵەوانی جامی كۆكا كۆلا بۆ قوتابخانەكانی كوردستان دەچێتە پۆڵەندە و ئوكرانیا
هەفتەی ڕابردوو لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەهەولێر گرێبەستی نێوان وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی كوردستان و كۆمپانیای سی سی بۆ خواردنەوە گازییەكان ئیمزا كرا و لەڕێگەیەوە پاڵەوانیەتییەكی تۆپی پێی سەرتاسەری بۆ قوتابخانەكانی كوردستان دێتە ئەنجامدان.
لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، كە لەهۆڵی سەعد عەبدوڵڵا هاتە ئەنجامدان، سەفین موحسین دزەیی وەزیری پەروەردە لەوتەیەكدا گوتی: وەرزش نیشانەی تەندروستی و ژیانەوە و بوژانەوە و بەختەوەری مرۆڤە، لەش و هزری تەندروست لەبەردەوامبوونی چالاكیی وەرزشیدایە، وەزارەتی پەروەردە لەڕوانگەی سیستمی نوێی خوێندندا بایەخێكی بەرچاو بەپەروەردەی وەرزشی دەدات.
پاشان گرێبەستی نێوان وەزارەتی پەروەردە و كۆمپانیای ناوبراو ئیمزا كرا، كە بەپێی ئەو گرێبەستە پاڵەوانیەتیی تۆپی پێی یاریگە بچووكەكان (فوتساڵ) بۆ قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت بەناوی جامی كۆكا كۆلا.
لەپاڵەوانیەتییەكەدا 5300 قوتابی لە530 قوتابخانە بەشداریی دەكەن، كە لەشارەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، ئیدارەی گەرمیان، خوێندنی كوردیی كەركوك بەشداریی تێدا دەكەن.
بەپێی گرێبەستەكە كۆمپانیای سی سی سەرجەم خەرجییەكانی پاڵەوانیەتییەكە لەئەستۆ دەگرێ، جگە لەوەش ئەو تیپەی دەبێتە پاڵەوان، گەشتێكیان بۆ ڕێك دەخرێت بۆ ئامادەبوون لەیارییەكی پێش كۆتایی پاڵەوانیەتیی جامی یۆرۆی 2012 كە لەپۆڵەندا و ئۆكڕانیا لەهاوینی داهاتوو دێتە ئەنجامدان.
لەلای خۆیەوە وەزارەتی پەروەردەش پاڵەوانیەتییەكە ڕێك دەخات و بەڕێوەی دەبات.
لەپاڵەوانیەتییەكەدا 60 قوتابخانە لەهەولێر، 60 لەسلێمانی، 60 لەدهۆك، 30 لەگەرمیان و 20یش لەخوێندنی كوردیی كەركوك بەشداریی دەكەن، هەر تیپێك بە10 یاریزان بەشدار دەبێت.
جونەیت ئارات بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای كۆكا كۆلا لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا گوتی: پارساڵ پاڵەوانیەتییەكە سەركەوتوو بوو، بۆیە ئەمساڵیش گرێبەستەكەمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە نوێ كردەوە بۆ دووبارە ئەنجامدانی پاڵەوانیەتییەكە، هەروەها گرێبەستەكەمان تا ساڵی 2015 درێژەی دەبێت.
بەپێی ڕێككەوتنی هەردوو لا، پاڵەوانیەتییەكە لە31ی ئەم مانگە لەشاری دهۆك دەست پێ دەكات و پاشان لەڕۆژانی دواتردا لەشارەكانی تر دەست پێ دەكات، دواتر پاڵەوانی هەر شارێك، لەخولێكی كۆتایی لەهەولێر بەیەك دەگەن و لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكە ململانێ دەكەن.
فؤتؤ: ئەرسەلان عەبدوڵڵا
Top