یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بۆ مێژوو و ئامار (IFFHS) ئاماری باشترین یانەكانی جیهانی بۆ مانگی (12) لەساڵی 2011 ئاشكرا كرد، لەم ڕیزبەندە 400 یانە ناوی هاتووە و یانەی هەولێر لەم مانگە 12 پلە هاتە پێشەوە و ئێستا لەپلەی (226) یەم باشترین یانەكانی جیهان دێت بەكۆكردنەوەی (81.5) خاڵ دوای ئەوەی لەمانگی ڕابردوو لەپلەی (238)یەم هات، یانەی هەولێر لەم ڕیزبەندە تاكە نوێنەری كوردستان و عێراق و لەم ڕیزبەندە شێرەكانی قەڵای زەرد لەپێش چەند یانەیەكی بەناوبانگی ئەوروپی و ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریكای باكوور دێت.
هەر لەم ڕیزبەندە یانەی بەرشلۆنە توانی پارێزگاری لەپێشەنگ بكات دوای ئەوەی توانی 367 خاڵ كۆبكاتەوە و یانەی ڕیال مەدرید لەپلەی دووەم دێت بەكۆكردنەوەی 312 خاڵ.
جێگەی باسە ئەم ڕیزبەندە پشت بەئەنجامی یانەكان لەخولەكانی ناوەخۆ و جامی وڵاتەكانیان و پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە دەبەستێت.