ڕاهێنەرێكی نوێ بۆ تیپی تۆپی باسكەی (جیهان)

ڕاهێنەرێكی نوێ بۆ تیپی تۆپی باسكەی (جیهان)
دوای ئەوەی ئەنجامی یارییەكانی تیپی تۆپی باسكەی یانەی (جیهان) لەخولی پلە نایابەكانی كوردستان وەكو پێویست نەبوو، بۆیە دەستەی كارگێڕی یانەكە بەفەرمی بڕیاریدا گۆڕانكاری لەنێو تیپەكەدا بكات بۆ ئەوەی بتوانن دووبارە ئەنجامەكایان باشتر بێت، لەلێدوانێكیدا سیروان سەعید ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەی جیهان گوتی: دەستەی كارگێڕی یانەكەمان بەفەرمی بڕیاری دا گرێبەست لەگەڵ ڕاهێنەری ناسراوی عێراق سوبحی كامل مۆربكات كە بەڕەگەز عەرەبە بۆ ئەوەی ئەركی ڕاهێنەرایەتی تیپەكە لەخولی نایابی كوردستان بخاتە ئەستۆی خۆی، تاكو دووبارە ئەنجامی یانەكەمان لەخولی نایابی كوردستان باشتر بێت و بتوانین ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنین.
لەدرێژەی قسەكانیدا سیروان سەعید گوتی: لەهەمان كاتدا دەستەی كارگێڕی یانەكەمان ڕاهێنەری پێشووی تیپی تۆپی باسكە عەبدولخالق عەبدولقادری وەكو سەرپەرشتیاری گشت تیپەكانی تۆپی باسكەی یانەكە دەستنیشان كرد.
جێگەی باسە یانەی جیهان لەقۆناغی یەكەم پلەی شەشەمی بەدەستهێنا و 12 خاڵی كۆكردەوە، وا بڕیارە لە26ی ئەم مانگە قۆناغی دووەمی خولی پلە نایابەكانی كوردستان بۆ تۆپی باسكە دەست پێبكاتەوە.
Top