مۆرینۆ ریال مەدرید جێدەهێڵێت

مۆرینۆ ریال مەدرید جێدەهێڵێت
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كردووە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاری داوە لە هاوینی داهاتوودا ئەركەكەی لەو یانەیە جێبێڵێت.
پێشتر مۆرینۆ ئاشكرای كردبوو هەرچییەك رووبدات تا كۆتایی گرێبەستەكەی لەگەڵ ریال مەدرید كە ماوەی 4 ساڵە دەمێنێتەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوانە یەكێك لە میدیاكارانی ئیسپانی كە ناوی لۆپێزە لە سەرچاوەیەكی نزیك لە مۆرینۆوە ئەوەی پێگەیشتووە كە ئەو راهێنەرە پورتوگالییە لە بڕیاری مانەوە لە یانەكە پەشیمان بووەتەوە و بڕیاری داوە لە هاویندا بڕوات.
لۆپێز ئاشكرای كردووە هۆكاری رۆیشتنی مۆرینۆ بۆ بێزاری ئەو لە چوونە دەرەوەی زانیاری و هەواڵەكانی ژووری خۆگۆڕینی یاریزانانی ریال مەدرید دێت كە ئەویان زۆر بێزار كردووە.
هەفتەی رابردوو رۆژنامەكان بڵاویان كردەوە لە دوای دۆڕانی یانەكە بە بەرشەلۆنە لە قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا مۆرینۆ لەگەڵ سێرجیۆ رامۆس و كاسیاسدا دووچاری دەمەقاڵێ هاتووە.
مۆرینۆ ئاشكرای كردبوو كە چوونە دەرەوەی قسەی ناو مەشقەكان و ژووری خۆگۆڕین كارێكی ناپەسەندە و ئەو كەسە سزا دەدات كە هەواڵەكەی بە رۆژنامەكان گەیاندووە.
Top