ژمارەی یارییەكانی رۆجێ فێدرێر دەگاتە هەزار یاری

ژمارەی یارییەكانی رۆجێ فێدرێر دەگاتە هەزار یاری
ئەمڕۆ سێشەمە رۆژێكی تایبەت دەبێت بۆ رۆجێ فێدرێری یاریزانی تێنسی سەرزەوی سویسری، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو یاریزانە هەزارەمین یاری خۆی لە یاریگاكانی تێنسدا ئەنجام دەدات.
فێدرێر دەیەوێ رۆژێكی خۆش بەهۆی ئەو دەستكەوتەوە بەڕێ بكات، چونكە كەمن ئەوانەی دەتوانن هەزار یاری فەرمی لە تێنسدا ئەنجام بدەن و ئەو ناوبانگەیان هەبێت كە فێدرێری مایسترۆ هەیەتی.
ئەوەی لەوانەیە خۆشییەكانی فێدرێر لەمڕۆدا تێك بدات دیل پۆترۆی تێنسزانی ئەرجەنتینییە كە لە چوارچێوەی یارییەكانی قۆناخی هەشتی پاڵەوانیەتیی ئوسترالیای كراوەدا رووبەڕووی فێدرێر دەبێتەوە.
فێدرێری تەمەن 31 ساڵ سی و یەكەمین جارە لەسەر یەك بەشداری 4 پاڵەوانیەتییە گەورەكەی گراند سلام دەكات بەبێ ئەوەی لە هیچ كام لەو پاڵەوانیەتییانەدا بەر لە قۆناخی هەشت بكرێتە دەرەوە.
فێدرێر لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی دیل پۆترۆوە گوتی پێم وایە یارییەكی بەهێز دەبێت، چونكە ئەو بەهێزەوە بەشداری دەكات.
فێدرێر لە پاڵەوانیەتیی ئەمساڵدا بە دوای حەڤدەیەمین نازناوی پاڵەوانیەتییەكانی گراند سلامدا دەگەڕێت و پێشتر 16 نازناوی ئەو پاڵەوانیەتییانەی بەدەست هێناوە.
Top