بالاك بایەر لیڤەركوزن جێدەهێڵێت

بالاك بایەر لیڤەركوزن جێدەهێڵێت
مایكڵ بالاكی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا گوتی بە دووری نازانم لە كۆتایی وەرزی ئەمساڵدا ریزی یانەی بایەر لیڤەركوزن جێبهێڵم.
پێشتر فۆلفگانگ هۆلتسهۆیزەری بەرپرس لە یانەی بایەر لیڤەركوزن ئاشكرای كردبوو كە یانەكەی بە نیاز نییە گرێبەستی بالاك نوێ بكاتەوە دوای ئەوەی لە كۆتایی وەرزی ئەمساڵدا كۆتایی دێت.
بالاك گوتی وادیارە كارەكە بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات، بڕیارمداوە لە شوێنێكی تر درێژە بە یاریكردن بدەم.
هەروەها گوتی تا ئێستا هیچ بڕیارێكم لە چارەنووسی خۆم نەداوە، تەنانەت بڕیاری ئەوەم نەداوە لە یاریكردن بەردەوام دەبم یان بەیەكجاری وازدەهێنم.
هەروەها گوتی كەس نازانێ لە چەند رۆژی داهاتوودا چی بەسەر دێت، لەبەرئەوە منیش نازانم چی بكەم، ئەوەندە هەیە كە یاریزان چووە تەمەنەوە ژمارەی ئەو یانانەی بایەخی پێدەدەن تا دێ كەم دەبێتەوە.
بالاكی تەمەن 35 ساڵ گوتی متمانەم بە توانای هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هەیە بۆ گەیشتنە یاری كۆتایی یۆرۆی 2012 كە هاوینی داهاتوو لە پۆڵەندا و ئۆكرانیا ئەنجام دەدرێت.
هەروەها گوتی تیپەكە بە شێوەیەكی بەرچاو گەشەی كردووە و ئەو ژمارە یاریزانە لە توانایاندایە 2 تا 3 نازناو ببەنەوە.
Top