ئەسیل ئەمجەد یاریزانی شەترەنجی یانەی دهۆك: بەكردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانی تەمەن بچووك یاری شەترەنج زیاتر پێش دەكەوێت

ئەسیل ئەمجەد یاریزانی شەترەنجی یانەی دهۆك: بەكردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانی تەمەن بچووك یاری شەترەنج زیاتر پێش دەكەوێت
شاری دهۆك هەمیشە لانەی پێگەیاندنی یاریزانانی بەتوانای یاری شەترەنج بووە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، چەندین یاریزانی بەناوبانگیشی دروست كردووە، یەكێك لەمانەش یاریزان ئەسیل ئەمجەد-ە كە لەدایكبووی ساڵی 1991ی شاری دهۆكە، ناوبراو قوتابی كۆلیژی پەروەردەی وەرزشییە لەقۆناغی سێیەم، خاوەنی چەندین ئەنجامی بەرچاوە لەسەر ئاستی كوردستان، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بوو ئەم یارییەت هەڵبژارد؟
- بەڕاستی یاری شەترەنج یەكێكە لەیارییە خۆشەكان و یارییەكی زانستییە، كە بەیاری كەسی گەورە ناوبانگی هەیە، ئێمەش لەخێزانێكی وەرزشوانانین كە هەموومان حەز و خولیامان ئەو یاریەیە بۆیە هەڵمبژارد.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لەكوردستان؟
-ئاستی ئەم یارییە لەشارەكانی كوردستان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لەئاستی كچان چەندین یاریزانی بەتوانا دروست بوونە، كەدەتوانن لەئاییندەیەكی نزیكدا لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی ئاست و ئەنجامیان هەبێت، ئێستا گرنگی زۆر بەتیپی كچان دەدرێت.
*لەشاری دهۆك بەتایبەتی لەچ ئاستێكە؟
-شاری دهۆك لەمێژە هەر ناوبانگی بەیاری شەترەنج دەكردووە، چەندین یاریزانی بەتوانامان هەیە كە ئەنجامیان بەرچاوە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و عێراق، هەوڵیش دەدەین هەر بەپێشەنگی بمێنینەوە و سەری شاری دهۆك بەرزكەینەوە.
*بۆچی كچان لەئێستادا كەم دەبینرێن لەیاری شەترەنج؟
-ئەوەی ڕاستی بێت گەلێك هۆكار هەیە كە وای لەكچە وەرزشكارەكان كردووە كە لەوەرزش دووربكەوێتەوە، بەتایبەتی ڕێگری كردن لەلایەن خێزانەكانیان یاخود لەڕووی كۆمەڵگەوە هێشتا كچ ئازاد نەبووە كە سەربەخۆ وەرزش بكات. یارییەكی گرانە هەموو كچێك ناتوانێ ئەم یارییە ئەنجام بدات.
*كێشەو گرفتان لەیاری شەترەنج چییە؟
-هیچ كێشەیەكمان نییە.
*یانەی دهۆك وەكو پێویست هاوكاریتان دەكات؟
-بەڵێ هاوكاریمان دەكەن، ئێمەش خۆشمان بۆخۆمان هەوڵی بەرەو پێشچوونی خۆمان دەدەین لەم یارییە بۆئەوەی خۆمان ئاستی خۆمان پێش بخەین.
*لەهەڵبژاردەی عێراق بانگهێشت نەكراوی؟
- تا ئێستا نەخێر، بەڵام هەوڵدەدەم لەداهاتوو ببمە یەكێك لەیاریزانەكانی هەڵبژاردەی شەترەنجی عێراقی.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-بەهیوای ئەوەم وەكو كچە وەرزشكارێكی كورد بتوانم لەخولێكی نێودەوڵەتی بەشداری بكەم و ئەنجامێكی شایستە لەسەر وڵاتانی ئاسیا بەدەست بهێنم.
*بۆپێشكەوتنی ئەم یارییە چی بكرێت باشە؟
-كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانی تەمەن بچووك بۆ ئەوەی ئەم یارییە زیاتر پێشبكەوێت، گرنگی بەكردنەوەی هۆڵی تایبەت بەم یارییە لەگشت شارەكانی عێراق بدرێت.
*داوكاری و پێشنیارت بۆلایەنی بەرپرس؟
- بەهیوای ئەوەم لایەنی بەرپرس گرنگی زیاتر بەكچان بدەن، یاری شەترەنج ببێتە یارییەكی گرنگ وخزمەتی زیاتری ئەم یارییە بكرێت لەشارەكانی كوردستان.
*ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتاییدا؟
-سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان، بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بەكچە وەرزشكارەكانی شارەكانی كوردستان بدەن.
Top