زەینەب حەسەن یاریزانی پێشمەرگەی هەولێر: یەكێتی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق دژایەتی یاریزانانی كوردستان دەكەن

زەینەب حەسەن یاریزانی پێشمەرگەی هەولێر: یەكێتی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق دژایەتی یاریزانانی كوردستان دەكەن
زەینەب حەسەن لەدایكبووی ساڵی 1995ـە و یاریزانی یانەی پێشمەرگەی هەولێرە، ئەم یاریزانە تازەپێگەیشتووە دواڕۆژێكی گەش چاوەڕوانی دەكات كە توانی لەماوەیەكی كورتدا بوونی خۆی بسەلمێنێت لەنێو یاری گۆڕەپان و مەیدان دوای ئەوەی ئاستێكی بەرزی لەیارییەكانی بازدانی بەرز و یەك باز نیشاندا.
ئەم كچە یاریزانە قوتابی پۆلی دووەمی ناوەندییە و تەنیا لەیانەی سەرچنار یاری كردووە، دواتر پێوەندی بەیانەی پێشمەرگەی هەولێر كردووە، توانی لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر نازناوی كوردستان و هەڵبژاردەی پارێزگاكانی كوردستان و هەڵبژاردەی پارێزگاكانی عێراق لەبازدانی بەرز لەئاستی تازە پێگەیشتووان پلەی یەكەم بەدەستبهێنێت، بەپێویستمان زانی لەنزیكەوە ئەم دیمانەی لەگەڵ ئەنجام بدەین.
*بۆچی یاری گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
- لەمنداڵیەوە حەز بەیاری گۆڕەپان و مەیدان دەكەم، بەڵام ڕاهێنەركەم یاری بازی بەرزی بۆ دەستنیشان كردم و حەز دەكەم گەمە و ئاستی یاریزانی بەناوبانگی جیهانی لەبازی بەرز بلانكا-ی كرواتی.
* تا چەند بایەخ بەیاری گۆڕەپان و مەیدان دەدرێت؟
- ئەوەی ڕاستی بێت لەعێراق هیچ شتێك دابین ناكرێت، ئەگەر ئێمە لەدەرەوەی عێراق بین، ئەوە زیاتر بایەخمان پێ دەدەن و دەتوانین ئەنجامی باشتر بەدەستبهێنین، بەڵام لەكوردستان بەبۆچوونی خۆم گرنگی باش بەیاری گۆڕەپان و مەیدان دەدرێت.
* ئایا بایەخ بەوەرزشی ئافرەتان دەدرێت؟
- ئەگەر جیاوازی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسی بكەین، ئەوە جیاوازییەكی یەكجار زۆر هەیە، چونكە لەوڵاتانی كەنداو و لوبنان و سوریا گرنگیەكی زۆر بەوەرزشی ئافرەتان دەدەن، كەچی لەعێراق ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دوا دەكەوێت.
* تا چەند دایك و باوكت پشتگیریت دەكەن بۆ ئەوەی وەرزش بكەیت؟
- لەسەرەتا باوكم ڕازی نەبوو ببمە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان، بەڵام كاتێك كە سەیری ئاستی منی كرد كە بینیان ئاستم بەرزە، ئینجا ڕێگەیان دا وەرزش بكەم و یارمەتیەكی باشم دەدەن بۆ ئەوەی لەوەرزش بەردەوام بم و زۆر سوپاسیان دەكەم.
* تا چەند وەرزش كاریگەری لەسەر خوێندنت كردووە؟
- كاریگەری زۆری لێكردووە، چونكە من زیاتر گرنگی بەوەرزش دەدەم نەوەك خوێندن و بەبێ وەرزش ناتوانم، چونكە لەگەڵ جەستم تێكەڵ بووە، بەڵام دەبێت سوپاسی قوتابخانەكەم بكەم، كە ڕێگەم دەدەن لەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوەی كوردستان یاخود لەشارەكانی تر بەشداری بكەم و هاوكاریم دەكەن.
* بۆچی یانەی پێشمەرگەی هەولێرت هەڵبژارد؟
- چونكە هەستم كرد لەیانەی پێشمەرگەی هەولێر دەگەمە لووتكە، چونكە هەموو شتێكمان بۆ دابین دەكەن، چاوەڕوانی ئەم شتەم لەم یانەیە نەدەكرد، بەڵام كە پێوەندیمان پێوە كرد زۆر گرنگیان پێداین و لەهەمووی گرنكتر ئێمە لەیانەی پێشمەرگەی هەولێر یاریزان و ڕاهێنەرەكان یەك خێزانین، چونكە یاریزانەكان نور حەسەن و شێنی عەزیز و دلسۆز عوبێد و ڕۆژینە خالید و من وەكو خوشك لەگەڵ یەكتری مامەڵە دەكەین.
* هیچ كێشەتان هەیە لەڕووی مەشق كردن؟
- كێشەیەكی گەورەمان هەیە، ئەویش نەبوونی یاریگا بۆ مەشق كردنە، بەهۆی نەبوونی یاریگا لەپارك مەشقی خۆمان ئەنجام دەدین، بۆیە دەبێت چارەیەكی ئەم كێشەیە بكرێت.
* بۆچی تا ئێستا بانگهێشتی هەڵبژاردەكانی عێراق نەكراوی؟
- چونكە یەكێتی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق بایەخ بەیاریزانەكانی كوردستان نادات، تەنیا گرنگی بەكچە یاریزانەكانی شاری بەغداد دەدەن. بۆیە هەردەم ئەوان بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەكرێن و بانگهێشتكردن بۆ هەڵبژاردەی عێراق هەموو لەڕێگەی پێوەندی تاكە كەسییە بەیاریزانەكان، ئەمەش كاریگەری لەسەر یاریزانەكانی كوردستان هەیە و دەبێتە هۆكاری دابەزینی ئاستیان، چونكە ئێمەش مافمان هەیە لەهەڵبژاردەی عێراق یاری بكەین.
* جگە لەگۆڕەپان و مەیدان حەز لەچ وەرزشێك دەكەی؟
- لەسەرەتا جگە لەگۆڕەپان و مەیدان تۆپی بالەو تۆپی پێ-م ئەنجامداوە و حەزم لەیاری تۆپی باسكەیە و سەیری تۆپی پێ دەكەم و هانی یانەی ڕیال مەدرید دەدەم.
لەكۆتاییدا زەینەب حەسەن تەئكیدی لەوە كردەوە كە سیروان حامد ڕاهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئەوی دۆزیتەوە و گوتی: زۆر سوپاسی ڕاهێنەرەكەم سیروان حامد دەكەم، چونكە بایەخێكی زۆری پێدام و ئەو منی دۆزییەوە و زۆر سوپاسی دەستەی كارگێڕی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەكەم، چونكە بایەخێكی باشیان پێداین و پەنا بەخوا لەگشت پاڵەوانێتیەكان ناوی ئەم یانەیە بەرز ڕادەگرین.
Top