بانۆ كامیل:هیوادارم كەس نەبێتە بەربەست
*ئاستی یاریی تێنسی سەرزەوی لەكوردستان بە شێوەیەكی گشتی چۆن دەبینی؟
- ئەم یارییە لەكوردستان ئاستێكی زۆر بەرزی نییە،بەحكومی ئەوەی ئەم یارییە لە ئێستادا لە كوردستان زۆر زیندوو نیە،بەڵام بەهیوای ئەوەشم ئاستی بگاتە لوتكەی یارییەكانی تر.
*ئێوە تاكە یانەی ئافرەتانی شاری سلێمانین لەم یارییە، لە سلێمانی ئەم یارییە لەچ ئاستێكە ؟
-ئەم یارییە بە نسبەت شارەكەی ئێمە تازەیە،ئێمەش لە ئێستا هەوڵی زیندووكردنەوەی دەدەین.بەتایبەتی یانەی ئافرۆدێت كە كۆمەڵێك یاریزانی بەتوانای لە دەوری خۆی كۆكردتەوەوئەنجامیشمان هەیە.
*بە بۆچونی تۆ چی بكرێت،باشە بۆئەوەی ئەم یارییە بەرەو پێشچوونی باش بەخۆیەوە ببینێ؟
-پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس چەندین یاریگای تایبەت بەم یارییە بكەنەوە لە شارەكانی كوردستان،گرنگی بە كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بدەن.
* بۆ ئاستەكانی تەمەن گرفتەكانی ئەم یارییە لە ئێستا چین؟
-كەمی بودجە بۆیانەكەم،نەبوونی پاسێكی تایبەت بۆگواستنەوەی یاریزانانی یانەكەمان كە ئەوەش گرفتێكی گەورەیە بۆچوونمان بۆیاریگاكان،نەبوونی یاریگایەكی تایبەت بە یانەكەمان بۆئەوەی پەرە بەتواناكانمان بدەین.
*كێ هاوكاری یانەی ئافرۆدێت دەكات؟
-بودجەیەكمان هەیە لە وەزارەت،لێژنەی ئۆڵۆمپیش هاوكارمانن.
*بۆچی ئافرەت لە یاری تێنسی سەرزەوی كەم بەشداردەبێت؟
-،گرنگی نادرێنت بە تێنس بۆیە كچانیش بەشداری كردنیان بە شێوەیەكی بەرچاونییە لە یارییەكانی تر.یارییەكەش مردوە.
*جگە لە یاری تێنس چ یارییەكی تر ئەنجام دەدەی؟
-یاریزانی تۆپی دەستیشم،بەپێی پێویست وەرزشەكانی تر ئەنجام دەدەم.
*چی بەو ئافرەتانە دەڵێی كە رێگرییان لێ دەكرێت لە وەرزش كردنیان؟
- ئەوە كارێكی باش نیە،بەهیوای ئەوەم كچان لەم دۆخە بێنە دەرەوە چیتر بەم شێوەیە رێگریان لێ نەكرێت.بۆئەوەی ئارەزووەكانیان بهێنە دی.
*هیوا وئاواتت وەكو كچە یاریزانێك چییە لە وەرزشدا؟
-بتوانم ببمە كچە یاریزانێكی نموونەیی لە یارییەكەی خۆم،ئەنجامێكی شایستە بۆ كوردستان بەدەستبهێنم،لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی بەشداری بكەم .ناوی كوردستان بەرزبكەمەوە.
*یانەی ئافرۆدێت چۆن دەبینی لە شاری سلێمانی؟
-تاكە یانەیە كە خزمەت بە بواری ئافرەتان وكچان بكات،هەموو هەوڵێكیان بۆپێشخستنی ئافرەتی وەرزشكارە لە شارەكە،خەمخۆری وەرزشوانە ئافرەتەكانن لە شارەكە بۆیە بڕوام وایە لەداهاتوو دەبنە نمونەی یانەكانی كوردستان.
*گەر لەكۆتایی شتێكت ماوە؟
-بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بە ئافرەتی وەرزشكاربدرێت،رێز لەتواناكانیان بگیرێ،یارییەكی تێنس یاریی تاكی زۆر خۆشە وئەنجامی بەرچاوی لێ بەدەست دێت،لایەنەكانیش گرنگی بەم یارییە بدەن لەكوردستانی خۆمان .زۆر سوپاس بۆگۆڤاری گوڵان.