سڵق جگە لەپرۆتین سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بۆ چەندین ماددەی گرنگ، لەمانە: ڤیتامیین K، ڤیتامین A، ڤیتامین E، ڤیتامینC، فۆلێت، كۆمەڵەی ڤیتامین B بەتایبەتی ڤیتامین B1، B2،B5،B6، بایۆتین Biotin، نیاسین Niacin، مەگنسیۆم، مەنگەنیز، كالسیۆم، پۆتاسیۆم، ئاسن،، فۆسفۆر، كۆپەر، زینك، ڕیشاڵ. سڵق وزەیەكی یەكجار كەم لەخۆدەگرێت، بەمەشەوە دەبێتە خۆراكێكی زۆر گونجاو بۆ كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش، هەروەها گونجاوە بۆ تووشبووان بەنەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەكو نەخۆشی شەكرە و دڵ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. گەڵاكانی سڵق 13 جۆر لە پۆلیفینۆلەكانیPolyphenols تێدایە كە دژەئۆكسانن و بایەخی تەندروستی بەرزیان هەیە. گەڵا و لاسكەكانی سڵق ماددە دژەئۆكسانەكان لە جۆری كارۆتینۆیدەكان لەخۆدەگرێت كە سوودی زۆریان هەیە بۆ كۆئەندامی دەمار بەتایبەتیش بۆ تەندروستی چاوەكان، هەروەها فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids كە ڕێكخەرن بۆ ئاستی شەكری خوێن ئەمە سەرەڕای بیتالێینەكان Betalains كە دژی هەوكردن كاردەكەن و توانای لەش بۆ ڕزگاربوون لەماددە زیانبەخشەكان زیاتر دەكەن. خواردنی سڵق ڕۆڵی هەیە بۆ ڕێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، كەمكردنەوەی هەوكردن، خۆپاراستنی لەشێرپەنجە و نەخۆشی دڵ، پاراستنی تەندروستی ئێسككەكان.