سركەی سێو Apple cider vinegar وەكو هەر سركەیەكی تر بریتییە لەترشی سیتریك CH3COOH كە مادەیەكی سووتێنەرە و پرۆتین دەتوێنێتەوە، بۆیە گۆشت شەو و ڕۆژێك لەناو سركەدا دادەنرا تاكو ناسكتر و هەرسكردنی ئاسانتر بێت، سركە دەخرێتە ناو زەڵاتە تاكو هانی دەردراوەكانی گەدە بدات بۆ هەرسكردنی خۆراك. سركەی سێو نزیكەی 400 ساڵ پێش زایین لەلایەن باوكی پزیشكی هیپۆكرات بەكارهێنراوە و شان بەشانی هەنگوین باس لەسوودە تەندروستییەكانی كراوە. سركەی سێو لەسێوی تازەی پێگەیشتوو بەكرداری هەوێنبوون دێتە بەرهەم. بەهای خۆراكی سركەی سێو لەوە سەرچاوە دەگرێت كە چەندین ماددەی گرنگ و سوودبەخش لەخۆدەگرێت وەكو: بیتا كارۆتین Beta carotene، پێكتین Pectin، پۆتاسیۆم، سۆدیۆم، مەگنسیۆم، كالسیۆم، فۆسفۆر، كلۆر، سولفەر، ئاسن، فلۆرین. سركەی سێو ڕۆڵی هەی بۆ كۆنترۆڵكردنی پەستانی بەرزی خوێن و دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ لەخوێندا. لەو كاتەی كە لەگەڵ زەڵاتە تێكەڵ دەكرێت، ئەوا یارمەتی هەڵمژینی كالسیۆم لەخۆراكەكاندا دەدات و لەش باشتر سوودی لێوەردەگرێت بۆ بەهێزكردنی ئێسك و ددانەكان. ڕێژە بەرزەكەی پۆتاسیۆمی ناو سركەی سێو یارمەتیدەرە بۆ خۆپاراستن لەهەوكردنی جیوبی لووت، قژ هەڵوەرین، ناسكبووونی ددان و نینۆكەكان. لەوانەیە كە سوودی هەبێت بۆ سووككردنی سەرئێشە، ئازاری جومگەكان، قەبزی، پووكانەوەی ئێسك، بەدهەرسی، ئەكزیما، شەكەتی بەدەنی. ئەگەرچی لێرە و لەوێ دەبیستیت كە سركەی سێو سوودی هەیە بۆ چارەسەركردنی قەڵەوی یان قژ ڕووتانەوە، بەڵام لەڕاستیدا تا ئێستا ئەمە لەلایەنی زانستییەوە یەكلا نەكراوەتەوە.