نەخۆشانی شەكرە... پێیەكانتان لە دەموچاوتان پاكتر ڕاگرن

نەخۆشانی شەكرە... پێیەكانتان لە دەموچاوتان پاكتر ڕاگرن
بۆ نەخۆشانی شەكرە Diabetics گرنگیدان بەپێیەكان زۆر جێگای بایەخە، چونكە فەرامۆشكردنی پێیەكان ئاڵۆزی تەندروستی گەورەی لێدەكەوێتەوە بەتایبەتی بڕینەوەی پێ یان بڕینەوەی قاچ Amputation. نەخۆشی شەكرە دەمارەكانی پێیەكان تێكدەدات و هاتووچۆی خوێن بۆ پێیەكان كەم دەكاتەوە. ئەگەر نەخۆشی شەكرە بەباشی كۆنترۆل نەكرێت، ئەوا ئاڵۆزی تەندروستی گەورەی لێدەكەوێتەوە وەكو نەخۆشی دڵ، كوێربوون، ئاوی سپی چاوەكان، نەخۆشی گورچیلە، لاوازی سێكسی. گرفتەكانی پەیوەست بەنەخۆشی شەكرە كە لەپێیەكاندا ڕوودەدەن بریتین لە: گەرمبوونی پێیەكان، سووربوونەوە، وشكبوون و قڵیشانی پێست، هەوكردنی كەلێنی پەنجەكان بەكەڕوو و بەكتریا، سڕبوون یان تەزینی پێیەكان، كولبوونی پێست Sore، لەكۆتاییدا لاڕەشەی پێ Gangrene. پێیەكانتان بەسابوونی سووك و ئاوی شڵەتێن بشۆن پاشان بەنەرمی وشكیان بكەنەوە بەتایبەتی كەلێنی پەنجەكان، ڕۆژانە پێیەكانتان بەوردی بپشكنن و ئەگەر هەر ناڕێكییەت بەدی كرد وەكو قڵیشان، برین، سووربوونەوە، گەرمبوون، تەزین، میخ، بڵۆق زوو سەردانی دكتۆر بكە، نینۆكەكان لەپاش گەرماو بە هێڵێكی ڕاست نەك كەوانەیی قوت بكە، وریابە لەبڕینی گۆشەی نینۆكەكان، كەفشی گوشا لەبەر بكە، دووركەوە لە سەندەڵ و كەفشی پاشنە بڵند و نووك باریك، بەهیچ شێوەیەك بەپێخواسی مەڕۆ هەتا لەناو ماڵیشدا، گۆرەوەی گورج لەبەر مەكە، گۆرەوی لۆكەیی هەڵبژێرە.
Top