مزگەوتی شێخی چۆلی شوێنێك بۆ پەرستن و ماڵێك بۆ میوانان

مزگەوتی شێخی چۆلی  شوێنێك بۆ پەرستن و ماڵێك بۆ میوانان
مزگەوتەكان شوێنی پەرستن و نوێژكردنن، هەروەها وتارەكانی هەینییش موسڵمانان كۆ دەكاتەوە، مزگەوتی شێخی چۆلی لە هەولێر تەمەنی زیاتر لە (139) ساڵە، ئەو مزگەوتە جگە لەوەی شوێنێكە بۆ عیبادەت هەروەها بۆتە مەنزڵگەیەك بۆ میوانان و هەژاران و گەشتیاران، ساڵانی پێشوو تا 10 رۆژی یەكەمی ئەمساڵی مانگی رەمەزانیش ئێواران لەو مزگەوتە خواردن و خواردنەوە بۆ زیاتر لە (500) كەس ئامادە دەكرا، كە ئامادەكردنی خواردنەكە لەسەر بودجەی مزگەوت و خێرخوازان دابین دەكرا، رۆژانە زیاتر لە (100) كیلۆ گۆشت لەگەڵ برنج و شلە بۆ میوانان و هەژاران و گەشتیاران ئامادە دەكرێت، سەبارەت بەم بابەتە مامۆستا عمادالدین فائیز گوتی: «مزگەوتی شێخی چۆلی زیاتر لە مزگەوتێك، بۆتە شوێنێك بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی نەبوون، یان خواردنێكی خۆشیان نییە، هەروەها پەناگەیەكە بۆ هەژاران، بەڵام ئەمساڵ بە بڕیاری لێژنەی رووبەرووبوونەوەی كۆرۆنا ئەوكارە خێرخوازییە راگیراوە، تا موسڵمانان سەلامەت و دوور لەو پەتایە بن، جاران لەو مزگەوتە و سەرلەئێواران زیاتر لە حەوت خاتمی دەستڕەنگین و پێنج پیاو سەرقاڵی دروست كردنی خواردن بوون، كە زۆربەی رۆژەكان گۆشتی (5 تا 7) سەر ئاژەڵ و زیاتر لە 100 كیلۆ برنج دەكرانە ژەمێكی خواردن بۆ خەڵك، تەنانەت خەڵكی دەورووبەری مزگەوتە و زەنگینەكانی هەولێریش بۆ خۆشی و بە یادی جارانەوە سەر لە ئێواران سەردانی مزگەوت دەكەن، لەگەڵ خەڵكی میوان و گەشتیاران و هەژاران لە دوای بەربانگ و نوێژەوە ژەمە خواردنێك نۆش دەكەن، ئەو مزگەوتە لە ساڵی (1883) لەلایەن شێخ موحەمەدی چۆلی و خەلیفە، لە قوڕ و كەرپووچ دروست كراوە، لە ساڵی (1974) بە مەبەستی زیاتر جوانكردن و باشكردن نۆژەن كراوەتەوە.
Top