130 هێرشی ئیسڕائیلی بۆسەر غەززە.. كوژران و برینداربوونی لێ كەوتەوە

130 هێرشی ئیسڕائیلی بۆسەر غەززە.. كوژران و برینداربوونی لێ كەوتەوە


لە ئاكامی 130 هێرشی ئیسڕائیلی، لە دوێنی شەوەوە تا ئەمڕۆ بەیانی سێ شەممە، بۆ سەر چەند مۆڵگەیەك لە شاری غەززە 24 هاووڵاتی فەڵەستینی كوژران لەوانە 9 یان منداڵن، هەروەها زیاتر لە 100 كەسیش برینداربوون.
سوپای ئیسڕائیلی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند كە 130 پێگەو مۆڵگەی بۆردومان كردووەو تێیدا 15 چالاكوانی هەردوو بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی كوژراون، ئەمەش وەك وەڵامدانەوەیەكە بۆ تاقمە چەكدارەكانی فەلەستین كە مووشەكبارانی ئیسڕائیلیان كردووە.
جۆناسان كۆنریكس وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕوونی كردەوە كە ئەو مووشەكانەی لە غەززەوە ئاراستەی عەسقەڵان كراون لەناو خاكی ئیسڕائیل بوونەتە هۆی برینداربوونی 6 هاووڵاتی ئیسڕائیلی.
لەلای خۆشیەوە ژووری هاوبەشی باڵە سەربازییەكانی لایەنە فەڵەستینیەكان ڕایگەیاند كە زیاتر لە 100 مووشەكی بە ئیسڕائیلەوە ناوە لە وەڵامی دەستدرێژییەكانی ئیسڕائیل لە مزگەوتی ئەقساو شێخ جەڕاح لە قودس.
لەلایەكی دیكەوە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل چەندین هێرشیان كردووەتە سەر خانوو و پێگەكانی حەماس كە لە ئەنجامدا زیانێكی زۆریان بەركەوتووە.

گوڵان- بەهادین جەلال
Top