وەزیری بەرگری ئەڵمانیا سەردانی 32 پێشمەرگەكە دەكات

 وەزیری بەرگری ئەڵمانیا سەردانی 32 پێشمەرگەكە دەكات
ئورسۆلا ڤۆن دێر لەین، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، سبەی پێنجشەممە سەردانی ئەو 32 ئەفسەرەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات كە لەگەڵ سوپای ئەڵمانیا لە بنكەیەكی سەربازی ئەو وڵاتە مەشق و راهێنان دەكەن.

وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ تۆڕی میدیای رووداو نێردراوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە وەزیری بەرگری دەخوازێت سەردانی ئەو 32 پێشمەرگەیەی كورد بكات، كە لە ئەڵمانیا راهێنانی سەربازی دەكەن، بۆ ئەوەی بە چاوی خۆی پەروەردەیی سەربازیی و مەشقكردنیان ببینێت.

رۆژی هەینی 26ی ئەیلوول، هێزێكی پێشمەرگەی كوردستان كە پێكهاتوون لە 32 ئەفسەر، بە فڕۆكەیەكی سوپای ئەڵمانیا لە هەولێرەوە گەیشتنە ئەڵمانیاو لە 27ی مانگەوە دەستیانكردووە بە مەشق و راهێنان لە سەر چەكی دژەتانكی ناسراو بە میلان.

ئەو هێزەی پێشمەرگە لە بنكەیەكی سەربازی سوپای ئەڵمانیا لە باشووری ئەو وڵاتە بۆ ماوەی هەفتەیەك بە چڕی راهێنان دەكەن و مەشقیان پێدەكرێت لەسەر بەكارهێنانی ئەو چەكانەی ئەڵمانیا بۆ كوردستان ناردوونی.

هاوكات لە 27 ی ئابـەوە، شەش ئەفسەر و پلەداری سوپای ئەڵمانیا لە هەولێر هەماهەنگی پشتگیری و هاوكارییەكانی ئەڵمانیا بۆ كوردستان دەكەن. هەروەها لە رۆژی هاتنی وەزیری بەرگری ئەڵمانیاش بۆ هەولێر، حەوت سەربازی دیكەش هاتوونەتە هەولێر و تیمە ئەڵمانییەكە فراوانتربووە.





رووداو
Top