ژیاننامەی حەسەن رۆحانی سەرۆكی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران

ژیاننامەی حەسەن رۆحانی سەرۆكی نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران
15 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- دوای ئەوەی لەمانگی نیسانی رابردوو، خۆی وەك یەكێك لەكاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆماری ئێران ناساند و بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتەدا كرد، حەسەن رۆحانی توانی دەنگی زۆرینەی هاووڵاتیانی ئێران بەدەست بهێنێت و ببێتە سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە، رۆحانی لەژیانی سیاسیدا لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران و دروستبوونی كۆماری ئیسلامی ئێران، وەك یەكێك لەگرنگترین كەسایەتییە سیاسیی و دیبلۆماسییەكانی ئەو وڵاتە دەركەوت و هاوكات بەیەكێك لەكەسایەتییە دەگمەنەكانی حوكمڕانی ئێران ئەژماردەكرێت كە تا ئێستا لەچەندین پۆستی سیاسیی و سەربازی باڵادا كاریكردووە. حەسەن رۆحانی لە 12 ی تشرینی دووەمی ساڵی 1948لەدایكبووە و لەبنەڕەتدا خەڵكی شاری سەمنانە كە دەكەوێتە باكوری ووڵاتی ئێرانەوە. بنەماڵەكەی رۆحانی لەسەردەمی حوكمی پادشایی لەئێران، یەكێك بووە لەو بنەماڵانەی كە بەدژایەتیكردنی شای ئێران ناوبانگیان دەركردبوو. رۆحانی لەساڵی 1961 لەحەوزەی عیلمی لەشاری قوم و لەسەردەستی گەورە زانایانی شیعە دەست بەخوێندن دەكات. دواتر لەساڵی 1969 پەیوەندی بەزانكۆی تارانەوە دەكات و لە ساڵی 1972 بەكالۆریۆسی لەبواری یاسادا بەدەستهێناوە. بەمەبەستی بەردەوامیدان بەخوێندن روو لەوڵاتی بەریتانیا دەكات و پەیوەندی بەزانكۆی گلاسكۆوە دەكات و بڕوانامەی دكتۆرا بەدەستدەهێنێت. رۆحانی كە بەیەكێك لەكارەكتەرە سیاسییە دیارەكانی شیعەی ئێران هەژمار دەكرێت و لەماوەی ژیانی سیاسیدا چەندین پلە و پۆستی باڵای سیاسی و سەربازی بەدەستهێناوە. بەر لەهەڵگیرشانی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران، رۆحانی هەر زوو پەیوەندیی بەبازنەی ئیمام خومەینی دامەزرێنەری شۆڕشەوە دەكات. هەروەك یەكەم كەسیش بووە نازناوی ئیمامی لەئیمام خومەینی ناوە، ئەویش لەمیانی ووتارێكیدا لەكاتی ناشتنی تەرمی مستەفا خومەینی كوڕە گەورەكەی ئیمام خومەینیدا بووە. رۆحانی بەر لەهەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی لەلایەن پۆلیسی نهێنی كە بە ساواك ناسراوە، دەستگیركراوە و ئازار و ئەشكەنجە دراوە. دوای ئازاكردنیشی، روو لەوڵاتی فەڕەنسا دەكات و پەیوەندی بەئیمام خومەینیەوە دەكات. لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران و دروستبوونی كۆماری ئیسلامی ئێران، حەسەن رۆحانی لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لەساڵی 1980، وەك ئەندامی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت. لەو نێوەندەشدا رۆحانی بۆ ماوەی 20 ساڵ لەكاری پەرلەمانی بەردەوام دەبێت و لەهەریەك لەپۆستەكانی وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەكانی بەرگری پەیوەندییەكانی دەرەوە كاریكردووە. رۆحانی لەپاڵ كاری پەرلەمانییدا، چەندین پۆستی باڵای سەربازی وەرگرتووە، كە لەنێویشیاندا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرگری بووە لەماوەی شەڕی هەشت ساڵەی عیراق- ئێراندا، لەنێوان ساڵانی 1983-1985 جێگری سەركردەی جەنگی بووە، لەنێوان ساڵانی 1986-1991دا، جێگری فەرماندەی بەرگری ئاسمانی بووە. لەساڵانی 1988 -1989دا جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بووە. حەسەن رۆحانی یەكێكە لەو كەسایەتییە دەگمەنانەی لەماوەی دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، توانیویەتی ئەندامێتی ئەنجومەنە گرنگەكان بەدەست بهێنێت بۆ نمونە لەساڵی 1999 وە تاوەكو ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانە. هەروەها لەساڵی 1991ەوە تائێستا، ئەندامی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی سیستمی دەسەڵاتە و تیایدا سەرۆكایەتی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی بەڕێوەدەبات. لەساڵی 1989 وە تاوەكو ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە. لەسەرووی هەموو پۆستانەش كە رۆحانی هەیەتی، لەساڵی 1992 وە سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژییە لەتاران. رۆحانی بەوە ناسراوە كە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ هەریەك لەعەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی و محەمەد خاتەمی سەرۆك كۆمارەكانی پێشووی ئێران هەیەو لەماوەی رابروودا وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لەماوەی حوكمی هەردوو سەرۆكدا كاری لەگەڵ كردوون. رۆحانی لەپرسە دیبلۆماسییەكانیشدا رۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی هەبووە، لەماوەی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی نێوان ئێران و هەریەك لەفەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیادا لەبارەی دۆسێی ئەتۆمی ئێران، لەساڵانی 2003 تا 2005 سەرۆكایەتی وەفدی دانوستانكاری ئێرانی كردووە. لەدوای هەڵبژاردنی مەحمود ئەحمەدی نەژاد لەساڵی 2005، دەستی لەپۆستی سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایش نەتەوەیی ئێران كێشایەوە و عەلی لاریجانی شوێنی گرتەوە. دروشمەكانی حەسەن رۆحانی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی سەرۆكایەتی كۆماری ئێران، سێ ئامانجی سەرەكییان لەخۆگۆتبوو ئەونیش بریتی بوون لە پەیماننامەی مافە مەدەنییەكان و بووژانەوەی ئابووری و باشكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ رۆژئاوا.
Top