یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیران له‌ جیهاندا به‌ كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد

یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیران له‌ جیهاندا به‌ كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد


دوێنێ یەکشەممە، سەرۆک وەزیرانێکی وڵاتێکی کیشوەری ئەفریقا بە هۆی كاریگه‌رییه‌كانی په‌تای کۆرۆناوه‌ كۆچی دوایی كرد.

سیمبا ماسۆکۆ، جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیسواتین لە کیشوەری ئەفریقا، گیانلەدەستدانی ئەمبرۆز ماندفۆلۆ دلامینی، سەرۆک وەزیرانی ئیسواتین، کە پێشتر پێی دەگوترا سوازیلاند، لە تەمەنی 52 ساڵی بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.

دلامینی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی باشووری ئەفریقا گیانی لەدەست دا، دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم لە جۆهانسبۆرگ خرابووە ژێر چارەسەری. بەمەش بوو بە یەکەم سەرۆک وەزیران لە جیهاندا بە ڤایرۆسی نوێی کۆرۆناوە بمرێ.

دلامینی بزنسمان بووە و بەم دواییانە هاتووەتە ناو سیاسەت و لە تشرینی یەکەمی 2018 بە دەسەڵاتێکی سنووردارەوە بووە بە سەرۆک وەزیران، چونکە مسواتی سێیەم، شای ئێستای ئیسواتین لە ساڵی 1986ەوە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و تێکڕای سەرۆک وەزیرەکان ئەو دایاندەنێ.




باسنیوز
Top