کتێبەکەی جۆن بۆڵتن کرا بە کوردی

کتێبەکەی جۆن بۆڵتن کرا بە کوردی
کتێبەکەی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کە یەکێکە لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەمساڵ، وەرگێڕدراوە بۆسەر زمانی کوردی. وەرگێڕی کتێبەکە گوتی ، کۆتایی ئەم هەفتەیە دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

د. دارەوان حامید کە کتێبەکەی جۆن بۆڵتنی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی راگەیاند، لە رێگەی سارا تێنسلی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جۆن بۆڵتنەوە، بۆڵتنی لە وەرگێڕانی کتێبەکە ئاگادارکردووەتەوە و "ئەویش رەزامەندی دەربڕیوە".

دارەوان حامید خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی لیل لە فەرەنسا. سەبارەت بە نێوەڕۆکی کتێبەکە دەڵێت، کتێبەکەی راوێژکاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا زۆر بابەتی گرنگی لەبارەی کوردەوە تێدایە، هەندێک نهێنی لە کتێبەکەدا هەیە کە رەنگە بۆ خوێنەرانی کورد نوێ بن. "بۆ یەکەمجارە نووسەرێکی ئەمریکی لە کتێبێکدا بەو قووڵییەوە باس لە هێزە کوردییەکان و بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان بکات".

کتێبەکە لە کتێبخانەی کارووخ لە سلێمانی چاپدەکرێت، کۆتایی ئەم هەفتەیە بە تیراژی دوو هەزار دانە دەخرێتە بازاڕەوە، نرخەکەیشی 10 هەزار دینارە.

ئەو وەرگێڕە ناوی کتێبەکەی وەک "ژووری رووداوەکان، یادەوەرییەکان لە کۆشکی سپییەوە" وەرگێڕاوە. کتێبەکە بە وەرگێڕانی کوردی 586 لاپەڕەیە. 15 بەش لەخۆ دەگرێت. دارەوان دەڵێت، "تەنیا لە 20 رۆژدا توانیویەتی کتێبەکە لە ئینگلیزییەوە وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی".

د. دارەوان حامید لە پێشەکیی کتێبەکە نووسیویەتی، وەرگێڕانی ئەم کتێبەم وەکو ئەمانەتێکی مێژوویی و ئەخلاقی گرتووەتە ئەستۆ، کە هەڵوێست و سیمای راستەقینەی دەوڵەتان ئاشکرا دەکات.

کتێبەکەی جۆن بۆڵتن رۆژی 23-6-2020 لە ئەمریکا خرایە بازاڕەوە، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی زۆری دا تاوەکو رێگە لە بڵاوبوونەوەی بگرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، شارەزایان دەڵێن، کاتی بڵاوبوونەوەی کتێبەکە بۆ ترەمپ و ئیدارەکەی زۆر خراپە، پێدەچیت کاریگەریی هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.









رووداو
Top